فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فاتیحا

فاتیحا

موکەڕەم ڕەشید تاڵەبانی/ شاعیر/ هەولێر

 

ئه‌گه‌ر قسه‌ی ناوبازاڕ

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر قسه‌ی بن دیوار

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم خراپم

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم تینوومه‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم دوو هێلكه‌م كوڵاند

شیعر بێت

ئه‌وه‌ فاتیحایه‌ك

بۆ شیعر بخوێنه‌

ئه‌گه‌ر بڵێم خۆشم ده‌وێیت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم لێت تۆراوم

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم بۆ دواكه‌وتیت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم با بڕۆین

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم با نان بخۆین

شیعر بێت

ئه‌وه‌ فاتیحایه‌ك بۆ شیعر بخوێنه‌

ئه‌گه‌ر بڵێم لێت تۆراوم

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر گوتم با سواری پاس بین

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر گوتم با بچینه‌ لۆقنته‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم چاوت جوانه‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌و جله‌ت لێ دێت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌مڕۆ نه‌خۆشم

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم به‌یانی با پیاسه‌یه‌ك بكه‌ین

شیعر بێت

ئه‌وه‌ فاتیحایه‌ك بۆ شیعر بخوێنه‌

ئه‌گه‌ر بڵێم با بسووڕێینه‌وه‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم سوپاست ده‌كه‌م

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر سڵاوت لێ بكه‌م

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌مڕۆ چۆنیت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم باشت ده‌ناسم

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم تۆ بۆ نایه‌یت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم با بڕۆین

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم له‌ زووه‌وه‌ نه‌مدیویت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم چاوت شینه‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم نایه‌یته‌وه‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم بیرت نه‌چێت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم چا ده‌خۆیته‌وه‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم برسیت نییه‌

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم پیاسه‌مان ته‌واو كرد

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم مۆبایله‌كه‌ت ئایفۆنه‌

شیعر بێت

ئه‌وه‌ فاتیحایه‌ك بۆ شیعر بخوێنه‌

ئه‌گه‌ر بڵێم چوار جار بانگم كردیت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم خۆت ناناسیت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم بۆ ئه‌وه‌ند چه‌قاوه‌سوویت

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم ده‌چمه‌ بازاڕ

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم ده‌چمه‌ سه‌ر ڕووبار

شیعر بێت

ئه‌گه‌ر بڵێم ده‌ده‌م له‌ بزمار

شیعر بێت

توۆ خوا كاكه‌

فاتیحایه‌ك  بۆ ئه‌و شیعره‌ت بخوێنه‌!!!

14-2-2024

تێبینی: به‌ ئه‌نقه‌ست (فاتیحا)م به‌ بزوێنی درێژ نووسی، ئه‌گینه‌ خۆی (فاتیحه‌)یه‌!!!