فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خۆزگە بێ باڵەکان  

 

خۆزگە بێ باڵەکان  

د.مستەفا زەنگنە/ نووسەر / هەولێر

 

خۆزگە…

داوی هەمووو ئەو کۆڵانانەی

بۆجاریکیش تۆی پێدا ڕۆشتوویت

دەمخستنە سەربەکرەی چاوم

خۆزگە…..

هەموو ئینجانەی ئەو گوڵانەم ماچدەکرد

کەبۆجارێکیش بێ ،تۆ ئاوت داون

خۆزیە ئەوکۆگایانەم وێنە دەکێشا

کە بۆجارێکیش بێ

تۆ شتێکت لێیان کڕیوە

خۆزیە ئەو دەفتەری ڕاڤەکردنانەی

درێژایی ساڵانی خوێندنی تۆم

پەیدا دەکردو، لەپێنج بەرگدا چاپم دەکردن

دەفتەرە خەتەخوارە پڕ بەرائەتەکانی سەرەتایی

دەفتەرە بەرگ تێگیراوەکانی ناوەندی

دەفتەرە گوڵگوڵییەکانی ئامادەیی

دەفتەرە عەتراوێکانی زانکۆ

دەفتەرە پڕهیواکانی ماستەر

خۆزگە سەرم لەکارگەی ئەو پێڵاوانە ئەدا

لەپێی تۆدا جوانتر دەردەکەوتن

خۆزگە هەموو تەڵە وەریوەکانی پرچتم

کۆدەکدەوە کە بەدەم پەنجەی نەخۆشییەوە هەڵوەرین

ئەوتەڵە پرچانەی

هەریەکەیان خەتی برۆو

پرژانگی ڕەشی چەپەری دووچاوی گەشی ئایندەبوون

تاڵە ئاورێشمی تاڤگەیەکی قەترانی بوون

خۆزیا ئەو زەڕەنگەرەم دەناسی

کە زنجیرێکیان بۆگەردەنی شکۆت چێ کرد

تا شوێن پەنجەکانیان

لەسەر لاپەڕەکانی یادگاری وێنا بکێشم

خۆزیا هەموو ئەو هەناسانەی دوا ڕۆژەکانتم

پێ کۆدەکرانەوەو

لەشووشە عەترێکا هەڵم دەگرتن

خۆزکە دەمتوانی بە فرمێسکەکانم

خەندەکانت..

لەتابلۆیەکا، ڕەنگ بکەم

خۆزگە دەمتوانی دەنگت بخەمە سەر ژێی کەمانێک و

دوا گۆڕانیی پڕ لەحەسرەتی خۆمی پێ تۆمارکەم

خۆزگە بۆجارێکیش بێ دەهاتیتەوە

ئەوهەموو ڕووناکییەت دەهێناوەو

ئەو هەموو خۆزگانەت

دەکردە نێو شووشە عەترێکەوەو

منیش هێندە لەگۆڕستاندا وەنەوزم نەئەدا.

دەبوو بزانی ..

لەم تەمەنەدا

مرۆڤ کە پشتی شکا،، ئیدی هەڵناسێتەوە

بۆیە ئێستا لەمردن زویرم

چون،دەبوو من لەجێی تۆ بم