شیعرێکی ناسری حیسامی
ناسری حیسامی/ شاعر/ سوێد
ڕۆژێک بە لوتفی زۆرەوە، دێی و بە دڵ جوانم دەکەی
ڕۆژێک بە مەیلی سەردەوە پیر و پەرێشانم دەکەی
.
سەد خۆزگە داوێمە دڵم، سەد دانە داوێمە گڵم
تا دێ ئومێدێک گوڵ بکا، ئاگر لە خەرمانم دەکەی
.
وەک بەفری کوێستانی بڵیند، نێوان تەمومژ بوو پەنام
وەک بای شەماڵ لێم هەڵدەکەی، دێی و لە کوێستانم دەکەی
.
دیتووتە خۆ جارێک نەبوو دڕکێک لە پەنجەم ڕانەچێ
سیحرێک لەوەیدا هەر هەیە فێری گوڵستانم دەکەی
.
دیدەم بە ئەسرین لێڵ بووە، تاپۆی خەیاڵم تێک دەچن
سەد ڕەنگی شۆخ دێنی و دەبەی فێڵیک لە چاوانم دەکەی
.
گۆرانییەک بوو، بێشکەیەک رۆژێک لە بن گوێچکەم گوتی.
تۆ کورد نەبی نەتبیستووە، چۆن فامی حەیرانم دەکەی
.
وەک داری چاک و پیر پەڕۆی سەد ڕاز و نیازم پێوەیە
ڕۆژێک پەڕۆیەک دادڕە، بەو دەستە دەرمانم دەکەی
.
٢٠٢٤/١١/٢٣