فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بتەکان هێشتا دەزێن…

بته‌كان هێشته‌ ده‌زێن..

ده‌ق: زه‌كییه‌ مه‌رمووق

و: موكه‌ڕه‌م ڕه‌شید تاڵه‌بانی/ شاعیر/ هەولێر

چون بزنێك نه‌زانێت
گورگ بێچووه‌كانی له‌ كوێ شاردووه‌ته‌وه‌
داڵده‌گه‌لی خه‌یاڵپڵاوی خۆم ده‌پێوم
له‌ هێلانه‌كانی خوێندا دوای بۆنی شیر ده‌كه‌وم،
دوای شوێن پێی ده‌روێشان ده‌كه‌وم
تا هه‌شته‌مین ده‌رگه‌ی ئاسمانم پێ پێشان بده‌ن..
له‌سه‌ر ڕێگه‌كه‌
نه‌ په‌ڵه‌ هه‌ورێك
نه‌ كێڵگه‌یه‌ك
نه‌ چرایه‌ك
ده‌بینرێت
ئایه‌ سرووش سته‌می له‌ چرا كرد
یان ئه‌و داره‌ی بوو به‌ مار و
به‌ڵگه‌كه‌ی خوارد
تا جوگرافیا بۆ ده‌ره‌وه‌ی مێژوومان فڕێ بدات و
به‌ره‌به‌یان له‌سه‌ر واتا بڕه‌وێته‌وه‌
من به‌ میتافۆرم چوارده‌ور دراوم
دارخورمای ڕامان
له‌ یادگه‌ی به‌فردا ده‌چێنم
تا پێشبینییه‌كان دوو جار نه‌مانسووتێنن..
ئه‌ی شمشاڵ
نهێنیی شوان لای گورگه‌
نه‌ك لای په‌زه‌كان
قامكه‌كانم به‌جێ ده‌هێڵم ببنه‌ خۆراك بۆ سیساركه‌كان
ئه‌و سیساركانه‌ی كه‌ سه‌رم ده‌خۆن
هه‌ركه‌ به‌ ئاماژه‌ دیواری زمان
بڕووخێنم
ئه‌و مشكه‌ی چیایه‌كی لێ كه‌وته‌وه‌
پێی هه‌ڵلووشیم
هه‌ردوو باڵیشم
داهۆڵه‌كان به‌سه‌ر هۆزه‌كاندا دابه‌شیان كردن…
من نه‌ به‌ باده‌ و نه‌ به‌
چاكه‌ مه‌ست نابم
ژان و شیعر
مه‌ستم ده‌كه‌ن
به‌ڵام كات بۆ گریان ناشێت
ئێمه‌ نه‌وه‌ی قوڕین
نه‌ گڕ و نه‌ لافاو نامانتۆقێنێت
له‌م ڕۆژگاره‌ماندا چه‌ند كون زۆرتر بن
برینه‌كه‌مان
چون كۆنه‌ ئوترێك
له‌ بازاڕی ڕوبابیكادا پارك ده‌كه‌ین
به‌ جه‌سته‌مان نیشانشكێنه‌كان ڕاوده‌كه‌ین
پاشان به‌سه‌ر ته‌رمی خۆماندا تێده‌په‌ڕین و
لافی ئه‌وه‌ لێ ناده‌ین كه‌ مردووین…
ئه‌وه‌تان له‌سه‌ر گێزه‌ره‌كه‌ یه‌كدی ده‌كوژن
گێزه‌ره‌كه‌یش هی كه‌روێشكه‌
كه‌روێشكیش بووه‌ته‌ گۆشتخۆر
ئه‌و شاعیره‌ی گوڵێك كوشتی
ئاگری له‌ خه‌نه‌كانی به‌ردا
به‌ر له‌وه‌ی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌
باز بداته‌ ناو ده‌قه‌كه‌وه‌
به‌جێی هێشتم په‌نا به‌ر چل دزه‌كه‌ ببه‌م
تا ڕێگه‌ی به‌ره‌و ئه‌شكه‌وته‌كه‌ به‌ڵه‌د ببم
هێشته‌ بته‌كان ده‌زێن
نائاماده‌ هاوار ده‌كات
هه‌ركه‌ بیانه‌وێت بۆ ناو ده‌واره‌كه‌ی ببه‌نه‌وه‌
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كان لێره‌ن
شه‌قامه‌كان
قاوه‌خانه‌كان
شۆسته‌كان
بێ ده‌نگی و
هه‌ر هه‌موو ئه‌م سه‌رمایه‌یش
ته‌نیا هی منن…
لیلیت له‌وێیه‌
كۆمپاسه‌كه‌ ده‌سووڕێنێته‌وه‌
فوو به‌ باهۆزدا ده‌كات و
ئاماژه‌ به‌ جیهان ده‌كات
جیهانیش گالیسكه‌یه‌كه‌
گالیسكه‌وان به‌ ڕه‌شه‌بای فرۆشتووه‌…
سه‌رچاوه‌: ئه‌كاوه‌نتی خانمه‌ شاعیر له‌ فه‌یس بووك.