رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٨٨٤
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
سوپاس بۆ سەرژمێریی، بژمێرەکان، لەبەرئەوەی دوو رۆژە لە بالکۆنی شوقەکەمانەوە دونیام لێوە دیارە، دوور دەبینم، بۆنی خۆشە شار دەکەم، پیادەیی ئاسانە! لەو دوو رۆژەدا جوانتر ئاسمان دەبینم، شەوانە مانگ شادمان دەدرەوشێتەوە، لەبەرئەوەی هەمووان روومەت، چاو، جریوەی ئەستێرەکان دەبینن، ئەویش سەمایان بۆ دەکات!
سوپاس بۆ سەرژمێریی گشتی، بێجگە لە زانیارییەکان، ناونووسین، لەو دوو رۆژەدا شار، رێگە، شۆستە، هاتوچۆش حەسایەوە، هەناسە پاکە، شار وەک خۆی دیارە!
لەو دوو رۆژەدا؛ ئاسان، ئاسوودە پەنجەرە دەکەمەوە، هەوای پاک هەڵدەمژم، چونکە دووکەڵ زۆر کەمە، ئاسۆکە روونە، بەوەش نەخۆشەکان تەندروستییان باشترە! لەو دوو رۆژەدا، کوردی کەرکووک لە حزب، حکومەت، سەرکردەکان زۆرتر ئەرکی نیشتمانی، ویژدانی، ئەخلاقی خۆیان جێبەجێکرد.