تێکست
ھبە فەیسەڵ/ نووسەر
جەرگە گیان تۆ ڕاهاتوویت… لە سەر لانکەوە لە بری سۆز، سێ ژەمە پیش بخۆیت.
هەر زوو ڕەشماڵیان بەسەر جەستەتدا دادایەوە و شەرمیان ڕاژەنییە چاوت. پێش ئەوەی ئامۆژگارییەکانیان بجوی، یەک بەیەک، قوتت ئەدان.
جەرگە گیان تۆ زۆر زوو فێر بووی کە هەردووک ڕان لەگەڵ دەمت پێکەوە لێکنێیت. نیشانیاندایت کە چلۆن لەگەڵ شەپۆلی ئەگریجەت، ئەژدیها و جانەوەر کەنار ئەگرن.
وتیان ڕەشیش وەک سپی وایە. هەموو تێکڕا چاوی ئابڕوو ئەگرێت. کەچی لە ئاست چاوی بێلانەی تۆ، هەردووکیان نەزۆک دەرچوون. نەیانتوانی کوێرت بکەن لە درەوشانەوەی ئەو ئەستێرانەی ئێوارانی گەلاوێژ، لە ئاسمانی ماڵی بەقوڕگیراوی نەنکت، لەسەر قەرەوێڵە ژەنگاویەکە بە دیاریانەوە ئەوق دەبوویت.
گوتت، “مەگەر خۆم بزانم چەند ئیرەیم پێیان دێت. نازانم بەچی فریوی دایکمیان داوە. لە چ درزیکەوە بە خشپەیی مشتیان لە بریسکەی کەواکەی پڕکردووە. ئاهی ئەم هەنسکە قووڵانەی من بیانگرێ. داخۆ من چ گوناهێکم کردبێ هەتا بەرگێکی زبر و کۆنی شازادەی بەفریشم پێ ڕەوا نەبینن؟”.
ئیدی بە خەیاڵی پەرت و جەستەی گرمۆڵەت خۆتت بۆ ژیان خشاند. لە نواندندا کارامە دەرچوویت. نە گەردەلول و نە شنەبا دەرگای فرمێسکتیان نەدەترازاند. بێباک بوویت لە پاشەقولە و هەڵنوتکانی تەمەن.
گوتت گەر ژیانیش بزڕکاوبێت، دڵنیام کردارەکانمان بەپێزی دەکەن. خۆتت بە تەمای دراوسێ نەکرد. هەر بۆیە بێ شێو سەر نانێیتەوە. ئێستا ئەزانی کە بزێوی و چاوچنۆکی ڕیشۆڵەکان هەمیشە لە لازەبوونیانە. ئیتر بە مەرجی ئەوان دان ڕۆ ناکەی. دەستی حیکمەتت بە گۆی ژنێتی خۆت گەیشتوە. بۆیە دەست لە مرۆڤایەتی ئەوان ناوەشێنی. گەردنی پیاوەتیان ناگەزیت. ساردی سەری ئەم و لەپی ڕووت و ڕەپی ئەو، ناتچەمێنێ.
جەرگە گیان، تۆ ئێستایش ئەو منداڵەی کە دوورە لە تاوان. جا ڕەدووی ئەو چاوانە بکەوە کە لەم جەنجاڵییەدا بە چەپەڵی و تەمیزیتەوە لە ئامێزیان بەرنابیتەوە. لە گلێنەی ئەوانەوە تەنها دوو دەنک خەیاڵ و بەرگێ پرسیارت دەوێت تا بەرەو ئەوپەڕی یاساغەکان سەربەست بفڕیت.
پێشکەشە بە هەموو ئەوانەی سەرەڕای چروکی و مەمرەومەژی ژیان هێشتا بەپێی خۆیان ڕێ ئەکەن.
لە چورتمی ژیان هەڵنایەن و دەستی هەڵسانەوەیان لە پشتەملی خۆیانە. ئەوانەی پرسیار ئەکەن لە پلیکانەکانی بەهەشت و ئاگر. ئەوانەی چاکە ناچننەوە بە نیازی ئەو جیهان. ئەوانەی تەنها بە خەیاڵ نابنە ماڵ. ئەوانەی بەردەوام دەپرسن کە ئایا چاک بخۆین، یان چاکی بکەین؟