“ئەو نەهاتن دەردە، داغی ئەونەهاتن دەردەها”
مەحوی
نەجات ئەحمەد/ شاعیر/ ھەولێر
تۆ نایەیت و منیش وەک پەڕەسێلکەیێکی ڕەنجاو؛ سەرم دەخەمە ژێرباڵم و بە درۆوە خۆم دەنوێنم، خۆم لە برینەکانم دەشارمەوە. فرمێسکەکانم قوت دەدەم و وەک شێتێک بەسەر شەقامەکاندا دێم و دەچم، قاقا پێدەکەنم.
تۆ نایەیت و دەستەکانم بۆنی تاریکایی دەگرن، چاوانم وەک جوتێک هەرمێی ڕزیو ڕەونەقیان لێدەبڕێ.
تۆ نایەیت و من وەک جگەرەیێکی جێهڵراو لەنێو تەپڵەکێکی دارییندا، نەرم نەرم دەبم بەسوتوو
تۆ نایەیت و درەنگانی شەوێکی ڕێبەندان، سەگەکان بۆنی لاشەی سارد و سڕم دەکەن، لەم کوڵبەی ئەحزانە ڕامدەکێشنە دەرێ و ئێسکەکانم دەلێسنەوە.
تۆ نایەیت و من یەعقوبێکم لە چاوەڕوانی کراسێکی خوێناوییدا دڵم هێندەی گێلاسێکی ماوەتەوە؛ بەسەر ئەم دەشتە پان و پۆڕەی ژیاندا گوێم هەڵدەخەم؛ نایێ لە هیچ لاوە تەپەی پێی یوسفی ونبوو.
تۆ نایەت و منیش وەک منداڵێک بە تەباشیرێکی شین لەسەر دیوارەکانی ئەندێشەم دەنووسم:
“ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من!”
تۆ نایەیت و من لەگۆرانیێکی فۆلکلۆردا بەدواتدا دەگەڕێم، لە بەیتەشیعرێکی کلاسیکدا شوێنت دەکەوم، دەست بەناو ڕەشە ڕێحانەی بانیژەی خەیاڵمدا دەگێڕم و بۆنت دەکەم، لە نەخشی هەوریەکەی دایکمدا سۆراخت دەکەم.
تۆ نایەیت و کرمی سەدان ئێش وەردەبنە نێو هەناوم، هەوری سەد خەم لەچاوانم دادەکات. تەمی بنار و بەندەن و زناران سەرم دادەپۆشێ. هەناسەی ساردم چۆلەکەی پەناو پاساران دەخاتە لەرزە.
تۆ نایەیت و من خوو بە شتی سەیر سەیرەوە دەگرم؛ ڕاکردن بەدوای عارەبانەی سەوزەفرۆشێکدا، دانیشتن بەدیار گڵۆپێکی سوتاوەوە، قسەکردن لەگەڵ دیوارێکی ڕوخاودا، بە ددان نینۆکەکانم دەقرتێنم، هەنگاوی هەورەکان دەژمێرم، دوو ئەژنۆی شەکەتم لە باوەش دەگرم و دەست دەخەمە ژێر چەناگەم؛ وەک ئەسپێکی ماندوو زمانم دەکرۆژم و بیر لە دەنگت دەکەمەوە.
تۆ دێیت و سەرلەنوێ دەبمەوە بە مەلۆتکە، سەرم دەخەمە سەر کانیلەی ژیان و بە دوو چاوی پڕ لە پرسیارەوە بێدەنگ بێدەنگ لەچاوانت ورد دەبمەوە
نەرم نەرم دەچمە نێو دارستانی سەوزی چاوانتەوە
خۆم ون دەکەم و تۆ دەدۆزمەوە
خۆم دەدۆڕێنم و تۆ دەبەمەوە