فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تاريكى رووناك رووناك له‌ نێو چاوه‌ ڕه‌شه‌كانى من داده‌گيرسێ

تاريكى رووناك رووناك

له‌ نێو چاوه‌ ڕه‌شه‌كانى من داده‌گيرسێ

 

بێکەس حەمە قادر/ شاعیر/ هەولێر

.
شه‌وێكى تاريك
له‌ زستانێكى گه‌رم
سێوێك له‌ نێو
هه‌ر پێنج په‌نجه‌كه‌م
بێده‌نگ ته‌ماشاى سه‌رما ده‌كا
تاريكى رووناك رووناك
له‌ نێو چاوه‌ ڕه‌شه‌كانى من
داده‌گيرسێ
بێ ده‌نگى چ سامناكه‌
ده‌نگى تۆ
چ جوان لێره‌ ده‌فڕێ
ئێواره‌يكى دره‌نگ
حه‌زم له‌سه‌فه‌رێكى دوورى شاره‌
گوێ له‌ ده‌نگى گۆرانيه‌كى خه‌مگين ده‌گرم
حه‌زده‌كه‌م ڕێگاكه‌ دوورتر ببێته‌وه‌
بيره‌وه‌رييه‌كانم زوو بيرنه‌چنه‌وه
ئێواره‌يه‌ و دره‌نگ كه‌وتم
پياوێك كۆشێك ڕه‌شۆڵه‌ى ئازاد كرد
ئێواره‌ ده‌ستى كچه‌كه‌ى له‌ ده‌ستى خۆى گرێ دابوو
منداڵانى گه‌ڕه‌ك پێده‌كه‌نن خه‌نده‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌
پياوێك به‌ هێمنى گۆرانيه‌ك ده‌لێته‌وه‌
ده‌كرا من له‌ عاشق بوونه‌وه‌مدا بمردبام
ده‌كرا من هێنده‌ بيرم نه‌كردباى
من ده‌مێكه‌ هه‌ست به‌ هيلاكى و
سپى بوونى مووى داو داوى قژم ده‌كه‌م
ماوه‌يه‌كى زۆره‌ ده‌سته‌كانم ده‌بينم ده‌له‌رزن
پێكى پڕى شه‌رابى من
باهۆزى له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ تووشى حه‌په‌سان كردبوو
من هێشتان ده‌ڵێم باشم
سپێدان حه‌زم له‌سه‌فه‌رى دوور دووره‌
تا تيشكى هه‌تاو چاوه‌كانم هيلاك ده‌كه‌ن ده‌ڕۆم
له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌ى مندالان
خه‌نده‌يه‌ك ده‌دزم
بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى دوور دوور بزرنه‌بم
جێ پێ ى ئاسكه‌كان ده‌ناسمه‌وه‌
كه‌ له‌ترسى مردن ڕايان كردبوو
دره‌خته‌كان سه‌رما سڕى كردوون
كوكوختيه‌كان به‌ لقه‌كانى نامۆده‌بن
باوه‌شێك له‌سه‌رما ده‌مپارێزێ
من مه‌ست ده‌بم
له‌ مه‌ستى دا ده‌ستى تۆ ده‌گرم
ده‌سته‌كانم گه‌رم دادێن و ده‌زانم خۆشمده‌وێى
بايه‌ك له‌ رۆژهه‌لاته‌وه‌ هه‌ڵ ده‌كات
ئه‌و توند توند به‌ ده‌سته‌كانى قژى ده‌پارێزێ
لێناگه‌ڕێ با تێكى بدا
من ده‌سته‌كانم له‌كه‌مه‌رى ئه‌و ده‌گرم
له‌ باوه‌شى گه‌رمى خۆم ده‌يپارێزم له‌ سه‌رما
من ڕێگا ده‌بڕم تيژ تيژ ده‌رۆم
له‌ ترسى ده‌ركه‌وتنى ئه‌ستێره‌كان
له‌ ده‌ستى ئه‌و ده‌زانم دره‌نگه‌
ئه‌و جگه‌ره‌يه‌ك داده‌گيرسێنێ
سه‌رما له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ دێته‌ ژوورێ
تاريكى رووناك رووناك
له‌ نێو چاوه‌ ڕه‌شه‌كانى من داده‌گيرسێ