رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٨٨٢
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
ساڤۆ ”Sapho” پەیکەرێکی جیمس برادییە، لەساڵی ١٨٥٢ داتاشراوە، لە مۆزەی ئورسیەی پاریس دانراوە. ساڤۆی شاعیری گریگی دوورگەی لیسبوسی یۆنانە، هێما و ناوێکی کۆنی ئەدەبی یۆنانە. شیعرەکانی ناسک و سۆزدار بوون، ژنەکە باسی خۆشەویستی و جوانییەکانی پەیوەندی نێوان مرۆڤی کردووە، بۆیە بەردە رەقەکە وا بە ناسکی داتاشراوە.
لەو پەیکەرەدا دیارە ساڤۆ خەمبارە، قیسارەکەی لەتەنیشتی دانراوە، ئارەزووی ژەنینی نەبووە، ئاماژەشە بە وشکبوونی داهێنان، خەمێکی قوول.
ئەو لەدوا ساڵەکانی ژیانی لە سیسیلیای ئیتالیا ژیاوە، لەوێش مردووە، بەڵام لەسەر داوای ئەو خۆڵەمێشی جەستەکەیان گواستووتەوە دوورگەکە. یەکەم ژنیش بووە، لەگەڵ ژنان هاوسۆزی سێکسی هەبووە، بەیادی ئەو ناوی دوورگەکەی بووە بە وشەی ”lesbian”، واتە ژنانی هاورەگەزخواز.