فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تەنزە چیڕۆكی ماستەكەی کێخوا!

تەنزە چیڕۆكی ماستەكەی کێخوا!

عەبدولڕەحمان فەرهادی/ سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد/ هەولێر

ماست، دیارییەكی زۆر خۆش و خۆشەویستی سروشتە بۆ مرۆڤ كە لە بەرەبەیانی مێژووەوە بەردەوام خواردنێكی سەرەكی و سوودمەندی ژەمی بەیانییان و زۆرجاریش هی ئێوارانمان بووە، من خۆم بە دەگمەن وا بووە ڕۆژێك بێ ماست هەڵكەم! چونكە ئەگەر ماستەكەم بەتایبەت ئەگەر هیی مەڕ بێت و بێ غەلوغەشیش ئامیان كرابێت و شیلاوكی ئامیانەكەیشی باش و پوخت بێت، قەت لێی تێر نابم!.. ماست جگە لە چێژەكەی، زانستیش سەلماندوویەتی سوودمەند و پڕ ڤیتامینیشە.. لەگەڵ حاجی مەحموودی برادەرم باسمان لەوە دەكرد كە ئەو زەمانەی ئێمەی تیاین، ماستی مەڕ بە دەگمەن دەست دەكەوێ، ئەو بە منی دەگوت: باشە جەنابت بەردەوام لە گەڕ و سووڕی ئەو گوندانەیت، نابێ گلەییت هەبێ كە ماستی چاكت دەسناكەوێ! منیش دەمگوت بۆ ماستی باش، تا تامی نەكەم باوەڕم بە كەس نییە! ماستی تۆز و هیی ئەلبانیش هیچ نین و جاجیكیش تێكدەدەن.. حاجی مەحموود جگە لەوەی ماستناس بوو، دەیگوت من ماست بە ڕەنگی سەرتوێژەکەی و بۆنکردنییەوە دەناسمەوە کە ئاخۆ باشە یان نا! كەچی حاجی ماستی تەرك كردبوو و نەیدەخوارد! دەمگوتێ حاجی بۆچی خۆت لەو نیعمەتە بێبەش كردووە؟ توخوا بۆ نایخۆی؟ هەر دەیگوت ئەمە چیڕۆكی خۆی هەس.. حاجی سەردەمانێك لە مەخموور فەرمانبەر و كاربەدەستێكی میری بوو، زۆربەی جوتیارانی ناوچەكە بۆ ڕاییكردنی ئیشوكاریان، زیاتر ڕێیان دەكەوتە لای وی، چونكی دەسەڵاتێكی تەواوی لەو فەرمانگەیە هەبوو.. حاجی ڕووی كردمێ و لەبارەی ماست، سەرهاتە چیڕۆكە تەنزامێزەكەی بۆ گێڕامەوە كە پێم خەرا نییە منیش لەسەر زاری وی، بۆتان بگێڕمەوە:
گوێ بگرە برا، لە سەرەتای نەوەتەكان كە لە مەخموور كارگێڕی فەرمانگەی زەویوزاری كشتوكاڵ و ئاودێری بووم، كێخوا جەمیل هەبوو، بە عەشیرەت لەك بوو و خوای لێ خۆشبێ، ئێستا نەماوە، هەر سێ ڕۆژ جارێك ئەو كێخوا جەمیلە، مەنجەڵە ماستێكی بۆسۆی مەڕی بۆ دەهێنامە ماڵەوە، ماست چی ماسـت! بۆی ڕۆژە ڕێیەك دەڕۆیشت! هەر لێی تێر نەدەبووی، بەو ئەستووركە گەرمە بە ڕەشكەیەی تەندوور دەمخوارد هەر حەزت دەكرد بیخۆی و لێنەبییەوە .. هەی سندان لە ڕووندا، من پارووم كەوتبووە ناو ماست! نەك ڕوون. سێ ساڵ دەبوو كێخوا جەمیل نەیدەهێشت ئەو ماڵەم ماست لێ بڕاو بێ، باوەڕ بكە لەوساوە تا ئێستا کە تەرکم کردووە! بۆ یەك جاریش ماستی وا نایاب و زەریفم نەخواردووە. كێخوا جەمیل ماوەیەك بوو، هەر تەكلیفی دەكرد بۆ نیوەڕۆیەك دەعوەتم بكاتە ماڵەوە و منیش هەر خۆم دەپچڕییەوە و هەرجارەی بیانووێكم بۆ نەچوون دەدۆزییەوە. ئەو هەر تەكلیفی دەكرد و منیش ناچار ڕۆژێكیان وەك عارەب دەڵێن دەفعولبەلا، گوتم كێخوا ئەمڕۆ نا، وەلێ سبەی بۆ نیوەڕۆ دێم، هەرچەندە پێویستیشی نەدەكرد بەڵام بۆ خاتری دڵی جەنابت كە لام زۆر گەورە و خۆشەویستی، دێم و حەز دەكەم خوانەكەیش ئاسایی بێت و تکا دەکەم خواردنی زۆر و زیاد لێمەنێن، چونكە خۆت دەزانیی من لە خواردن پارێزم و ناتوانم هەموو شتێك بخۆم! كێخوا زۆر خۆشحاڵیی هاتێ و گوتی بێخەم بە!
ڕۆژی دواتر، دەوروبەری سەعات دوازدە، هەر بە پێ بەرەو ماڵی كێخوا ڕۆیشتم، كە لە ماڵی ئێمەوە دوور نەبوو، كە گەیشتم، كوڕەكانی لە حەوشە گەورەكەوە بەپێوە وەستابوون و كێخوایش لە سەرەوە وەستابوو، زۆر بە گەرمییش پێشوازییان كردم. دوای خێراتن و خێرانداریی، خوانیان بە برنج و بریانی و دۆڵمە و سەروپێ و جۆرەها سەوزەوات ڕازاندەوە. بە كێخوام گوت برام خۆتان زۆر ئەزییەت داوە و ئەم هەموو خواردنەی نەدەویست، زۆر سوپاسیم كرد. بەدەم نانخواردنەوە، جۆرەها باسوخواس هاتنە گۆڕێ و كێخوایش بە قسە خۆشەكانی مەجریسەكەی گەرموگوڕ كردبوو، بەهەر حاڵ تا نزیك عەسر لەوێ مامەوە و اشان عوزرخواییم خواست كە بەنیازی چوونەوە هەولێرم، بۆیە خواحافیزیم كرد و مەجریسەكەم بەجێ هێشت.. لە هاتنە دەرەوە، لە حەوشەكە بینیم ژنەكەی كێخوا كە ناوی بەسێ بوو، مەنجەڵێكی زەبەلاحی لەسەر سێكوچكەیەكی ئاگر لەبن داناوە و خەریكی شیر كوڵاندنە. كۆمەڵێك مەنجەڵە ماستی بەتاڵم بینی كە لەلاوە دانرابوون و وا دەبینم سەگەكەیان خەریكی لستنەوەی مەنجەڵەكانە، ئەمە بۆ من زۆر ناخۆش بوو و واقم هوڕ بوو!. تا گەیشتمەوە ماڵەوەیش و كە خۆیشم تێكنا بۆ گەڕانەوە بەرەو هەولێریش و تا گەیشتنەوە شاریش واقم بەوە نەبێ، بە هیچی دیكەوە خەریك نەبوو! دوای چەند ڕۆژێك بۆ دەوام، گەڕامەوە مەخموور و بیری ڕێچارەیەكی ماستەكەی كێخوا، هزردانی تێكوپێك دابووم! لێی وەردەگریی نابێ، لێی وەرناگریی هەر نەیسە!. دوای بیركردنەوەی زۆر، دوا چارە وام پێ باش بوو كە هەرجارێك كێخوا ماستەكەم بۆ بێنێ، منیش بیبەمە دوكانەكەی نزیكمان و داوای لێ بكەم بە یەک لە مەنجەڵە ماستەكانی خۆی بۆم بگۆڕێتەوە. دوكاندار زەلامێكی كەتەی خەڵكی عاڵڵا بوو، ناوی نەسرەدین بوو. نەسرەدین دوكاندارێكی خۆشمامڵەت بوو و كە گوتمێ ئەو مەنجەڵە ماستەم بۆ بە یەكێك لەوانەی لای خۆت بۆ بگۆڕەوە، بەلایەوە زۆر ئاسایی بوو و دەمودەست دەستی كردە مەنجەڵە ماستێكی خۆی و ئەوەی منیشی گێڕایەوە، گوتمێ: كاكە نەسرەدین ئەو ماستەی منیش ماستی سافی مەڕە، وەلێ من زۆرم حەز لێ نییە و هەرجارەی دێم بۆم بە مەنجەڵێكی ئەوانەی لای خۆت بۆ بگۆڕەوە.. نەسرەدین دەستێكی لەسەر چاوی لای ڕاستی دانا و گوتی بەسەر هەرتك چاو.. هەرجارەی كێخوا ماستی دێنا، مەنجەڵەكەم دەبرد و نەسرەدین بۆی دەگۆڕیمەوە و منیش هەرجار ڕۆبعە دینارێكم دەدایێ. سەلاجەكەی ماڵەوەم قەت بێ ماستی غەلوغەش نەدەبوو. دوای هەشت نۆ مانگ، بەخوا لەوانەیە ساڵێكیش دەبوو لەگەڵ نەسرەدین خەریكی ئەو هێنومنهێنە بووم! كەڕەتێ چوومەوە كن نەسڕەدین كە سەری قەرەباڵغ بوو و دوای ماوەیەك وەستان، ئینجا نەسرەدین ڕووی كردمێ: ببوورە كاك حاجی، دەستوبرد ڕوبع و مەنجەڵە ماستەكەی لێ وەرگرتم و مەنجەڵێكی خۆی لەمست نام، وەلێ ئەوجارەیان پرسیی: ئەرێ كاك حاجی، ئەو ماستەی جەنابت، من لێم خوارد، ماستێكی تامسۆی زۆر نایابی مەڕە، ئەوە ئەو ماستە هی كێیە؟ هی خۆتانە؟ توخوا هیی كێیە؟ زۆر سوور بوو و منیش ویستم خۆم بپچڕێنمەوە و بڕۆم، كەچی هەر دەیپرسی! ناچار وەرامیم دایەوە، بریا هەزار جار بریا وەرامیم نەدابایەوە!.. گوتم: بەخوا كاكە نەسر، بەینی خۆمان بێ، ئەو ماستە هەرجار كێخوا جەمیل بۆمی دێنێ. نەسرەدین بەرسڤی دامەوە: وەڵڵا مامۆستا گیان، دەنا ئەوەی ئێمەیش هەر ماستەكەی كێخوا جەمیلە! ئەو ماستەی ئێمەیش هەر مام كێخوا بۆمان دێنێ، دڵنیابە ماستێكی تەواو و بێ حیلەیە!
ئەمە دووەم هێڵنج بوو لە ماوەی مانەوەم لە مەخموور لەمەڕ ماستی مەڕ هاتمێ و لەوێوە ببڕای ببڕ ماست بە دەمم نەكەوتووە.
————————————–
* مەجریس: مەجلیس. لە سەردانێكم بۆ ماڵی هونەرمەندی نەمر، فوئاد ئەحمەد بۆ سەرەخۆشی بنەماڵەكەیان، كە چەند ڕۆژێك بوو مامۆستا فوئاد كۆچی دوایی كردبوو، لەوێ كچێكی باسی بابی دەكرد كە چەند مەجریسخۆش بووە. وشەكەم بەلاوە جوان بوو و وەك وشەیەكی كوردی لێرەدا خستوومەتە نووسینەوە.
◾️ع.ف◾️