فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

تێکست

رەحیم لوقمانی/ شاعير / سەقز

 

هەرچی بانگی منارەیەک ئەدا لە گوێم

هاواری سووری باوکم و فوارەی سینگی براکەم و

قیژەی پەلکەی کێش کراو و

سینگ و مەمکی دادڕاوی دایک و خوشکم بیر دێتەوە

ئەمە ترۆمای کچێکی ئێزدییە

هەرچی باسی سوورەی سووری ئەنفال دەکەن

بە خەنجەری ئەم وشانە، زامەکانم دەکولێنەوە

چون خنکانی هەزاران گوند و کانیم و

مەرگە کۆچی ئازیزانم بیر دێنەوە

ئەمە ترۆمای جێماوی کۆچ و ئەنفالە

خۆزگا مێشکی هاوسێکانم،

فکر و سۆزیان بەڕۆژ بوایە و

لە فەرهەنگی پرتووکاویان،

وشەی زیندان و ئێعدامیان لا دەبردن

ئاخر هەموو ئەو فکرانە، ستانداردی وەحشیگەرین

گشت ترۆما و سەختەزامی کۆن و تازەی ئێمەی کوردن

(نەکەرۆز)

(ترۆما (Trauma) : زامی دەرەکی یان شکستێک لەسەر جەستە، تەجروبەی تاڵ لە ژیاندا، پەرێشانیی دەروونیی، پاش کارەساتێکی ناخۆش.)