فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕێژنە

رئژنە

احمد عارف/ شاعیر/ سلێمانی
لە ١٩٨٨
نووسراوە

گەرام … گەرام
بۆ سەنگی خوێنی تۆ گەرام
مەحەک نەبوو ! !
لەژێر چەتری خەمی سەوزا
هەرچی هۆڵی کۆبوونەوە و
کۆنگرە بوو ، هەمووی گەرام
دەرگا نەما ، زامی دەستم رانەمووسێ
کۆنگرە و کۆنگریس نەما نامەم
لە بەر دەرگای گەورەکانیا هەڵنەتوتێ …
کەسێ نەبوو ، لێم تێبگات .. من بناسێ
کەسێ نەبوو ، بۆ پێخاوس ، بۆ رووتەڵەم
بڵێ ئەوە پێڵاوێ … ها کراسێ
کەسێ نەبوو کووردستانی خەڵتان خوێنم
لە نزیکڕا ببینێت و
پۆستەرێک بۆ شهیدانم هەڵواسێ
گەرامەوە …
تێگەیشتم ، گەر خۆم نەبم ،
دنیا کەڕە … گێتی کوێرە
بۆیە بەر لە هەموو کەسێ
پەنجەی قینم … پەنجەی رقی نەبەزینم
خستە چاوی ، بەزیوانی ووڵاتم و
دەرگام لە سەر مێژووی رەشی
سەد ساڵەمان واڵاکرد و
کەوتمە شەقام …
هاوارم کرد :
کۆترە باریکەی هەڵەبجەو لیدتیساش
بەیەک چەقۆی ژەنگی تاوان
شەهید کران ..
لە سەر باڵئ دوا چۆلەگەی کوردستانا
ئەم چەند ووشە پڕ لە قینەم
بۆ بارەگای ویژدان مردوان
وەک بروسکە بەرێکرد ..
« نەتەوە یەکگرتووەکان
رۆژی منداڵانی جیهان
مافی مرۆڤ
رۆژی ئافرەتان »
نەک هەر درۆن
بەڵو وێکرا
جووتێ پێڵاو .. یان کراسێ
ناهێنن بۆ پێی پێ خواس و
بێ کراسێ ..
روومکردەوە شەقامی چۆڵ
تارای سوری شەهیدانم دادایەوە
پەردەی شەرمی ،
بێ شەرمانم هەڵدایەوە
هاوارم کرد :
گشت بارانی خەمی دنیا
بەسەر خوێنی بوکێنیتا
رێژنە بکا ، بێتە خوارێ
پەڵەی ئابرووی تکاوی کورد ناشواتەوە ..
غەریبێکەی من دڵۆپەی بارانێکە و
دەکەوێتە دەریایەکی پڕ شەپۆل و نایەتەوە ..
ونم لە نێو دنیایەکدا
جواردەورم کوێرە رێگایە
بۆ کوێ دەچم هەر هەرەسە و
دوایی نایە …
– – –
ئەم رۆژانە
زیاد لە جاران
خۆشمدەوێی
کوردستانم …
بووکی رەش پۆش .. مژۆڵ سوتاو
ئەی لەجیاتی جارێ
دەیانجار بەشوودراو …
پەڵەی خوێنی بووکێنی تۆ
لەکەیە بە نێوچەوانی
گشتمانەوە ….
خەمت نەبێ
ئەم رۆژانە
زیاد لە جاران
خۆشمدەوێی
کوردستانم …