فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکستێ

تێکستێ

ھبە فەیسەڵ / نووسەر

 

گەورەبووم، وامزانی بە کاڵبوونەوەی تاڵی پرچم، چاڵەکانی جەستەیش تۆخ دەبنەوە. تومەس لە بێئاگایی منەوە، ساڵانێکە پرسیارەکان پیش ئەخۆنەوە و ئێستا ماخۆلانیانە. وەک شڵێوە بڕستیان لە جەستەم بڕیوە و تەنگی وەڵامیان پێ هەڵچنیوم. هەر دێن و ئەچرپێنن …( کاتی ئەوە هاتووە بناسیت تۆ کێیت).
لەهەر کەسم پرسی، حاڵی نەبووم. من تەنها لە سوچێکەوە دەستم پێکرد. دەمویست بزانم خەندەم، توڕەییم یان خەونەکانم کامیان بە تۆ دەچێ.

بە خشپەیی لە گرد گشت نێری ئەم گەردوونە ڕێم کرد . بە جاحێل و ئەختیارەوە. بە ئەفەندی و کرێکارەوە. بۆنی یەکە بە یەکەیانم ترنجانە سندوقێک، ئاوێتەی قۆدی تەراشەکەت. کەسیان بەرامی تۆیان نەبوو. کراسی هەر کامیانم تەکاند، هێندەی تۆ نهێنی و پرسیاری بێ وەڵامیان لێ نەدەوەری. ڕەنگیان لە تۆ نەچوو. بەجێم هێشتن دەنگیان نەبوو. مەگەر نەمزانی بۆ بە چوونی تۆ، دڵی عەوداڵ و شپرزەم ،بەیەکجار لەخۆچوو!؟

وتیان خەم مۆرانەی سەرە. ڕووبکاتە هەر دارێک، بە هێمنی ئەیڕزێنێ. نەیانزانی لەو قیچیسمەتر مناڵێک، لاوێک، ژنێکی بە ئاگا و زیتەڵ هەیە. نەسرەوتانە تەشی ژیان بە گرێ کوێرە و قرچۆکییەکانییەوە ئەڕێسێ.
دەستی لە لۆمەی ئەم و ئەو هەڵگرتووە. ئیدی ژان و توڕەیی نەبوونی تۆ، وەك خڕخاڵێك بە ڕیزە زەنگوڵەکانییەوە، بە کەمەری ڕابردوودا هەڵ دەواسێ.

ئێستا دەزانم کە ڕەشکەوپێشکەی ئەم سەرە، تەنها تەم نەبوو. ئاسنی سوورەوەبوو یان کۆرپەیەکی بێژوو نەبوو، بەڵکوو داخوازبوو بە زمانێک ئەم ڕابردووە بکاتە بەندە. گیانێک دەیەوێت لە ناو دڕکدا هەمیشە گوڵ بگرێ. سوێندی گەورەی یەزدانێکە بۆ خۆی. ناهێڵێ بەرامی تەنها بەدەم بایەکی سوورەوە بڕوا. سڵ ناکاتەوە لە کۆدەتای پرسیارەکان. گەر بەڕەش تەڕبوو، ترسی هەڵخستنی نییە.
ئیدی هەروەک جاران بە بەرگی مناڵییەوە گۆرانی بۆ مەستی تۆ دەڵێ. ئەزانێ کە ئامێزی تۆ، هێز و ئارامییەک بوو کە تا ئێستایش لە لوتکەی ترس و دوودڵیدا چوارمشقی لە عەرشیدا لەنگەر دەگرێ.
#باوك
#سۆز
#خۆشەویستی
#ژیان
#ڕابردوو
#ئێستا
#💜
#جەرگوجگەر