جیلوە
کەریم دەشتی/ شاعیر / ھەولێر
١
لەهەر کەنارێ بوەستم
سەرم پڕ ئەبێ لە یادەوریت
دڵم پڕ ئەبێ لە ئاوازەکانت
چاوم پڕ ئەبێ لەجوانیت
شەوم پڕ ئەبێ لەئەستێرە
ئەوانە دژوارترین
کاتی تەنهایی منن
٢
هەمیشەو بۆ ئەبەد
لە چاوەڕوانی تۆدا وەستاوم
تۆش هەمیشەو بۆ ئەبەد
لەرێگا دوورەکانی
دوور دوور
٣
لە شوێنێکی دوور دوور ئەباریت
دڵم لێرە شەڵاڵی ئاو بوو
٤
پێدەچێ ئەوینت ئاگر بێ
ئەگینا ئەو دڵەی من بۆ دایساوە؟
٥
لەهەر شوێنێ
کە بۆ سەرابی تۆ تاوم داوە
ئەو دڵەم نوقمی ئاو بووە
٦
تۆ وەک با وای
هەمیشە بەسەر دڵما هەڵئەکەی
کەی بەرگی با فڕێ ئەدەی؟
٧
کەوتوومەتە داوی تۆ
داوداو تەمەنم بەسەر ئەچێ
٨
هەموو لەمپەرێکم شکاندووە
تۆش هەموو پەنجەرەکانی دڵی من
٩
ناوە ناوە وا هەست ئەکەم
کەسێ لەدەرگا ئەدا
کەدەست بۆ سینەم ئەبەم
تمەز دڵمە بۆ تۆ لێئەدا
١٠
دەنگێکی زۆر دوور دێتە گوێم
دەنگی دڵمە کزکز لێئەدا
١١
ئەوەندە لە تۆم ڕوانیوە
زۆر جار ناتناسمەوە
ئەرێ تۆ کێی لەناو دڵم؟
١٢
تۆ زۆر دوور کەوتوویتەوە دوور
ئەی بۆ هێندە نزیکی لە دڵم؟
١٣
وەسوەسەیێ کەوتۆتە دڵم
ڕەنگە ئاگر بێت
ئەرێ بەڕاست تۆ ئاگری؟
١٤
جاران بەتەنها بووم
ئێستا دڵم پڕ بووە لە تۆ
تۆ یەکی یا لەشکرێکی ؟
١٥
جاران یەک شێوەت هەبوو
ئێستێش هەزاران شێوەی لەدڵما
تۆ خەیاڵی یا میتافۆر؟
١٦
کە تۆم بینی دونیا لە دڵم هەڵسا بوو
کە ونبووی پووشکەیێ لە دونیا نەمابوو
تۆ خۆتی یا هەموو دونیای؟
١٧
ئێستا دوای ئەم هەموو ئەوینە
هاتنت سەخت ترە لە ڕۆیشتنت
١٨
هەموو شتێکم لێ بۆتە تۆ
جەستەم خوێنی لەبەر دەڕوا
ئەوەندەی خۆم لەداروبەرد بدەم
وادەزانم تۆی
١٩
ئەوەندە شیرین بووی
هەست ئەکەم دڵم
بۆتە کێڵگەی قامیشە شەکر.
٢٠
تەواو چوویتە ناو باخی دڵمەوە
بۆیە سینەم سەنگین بووە
٢١
جاران لافی ئەوەم لێدەدا
کە دڵێکم هەیە
ئێستا بۆتە هی تۆ
٢٢
گوێم لە هاواری دڵم بوو
لەسەرخۆ ئەیگوت
بەری ئەو هەموو سووتانەت ناگرم
٢٣
گوێم لە دڵمە کز کز لێئەدا
هەست دەکەم ئیدی
بۆ هەڵمژینی زیاتری ئەوین
ڕێگەم پێنەدا
٢٤
ئایا تۆ هەست بە تەنهایی ناکەی
لە ژێر تاڤگەی خوێناوی ناو دڵم؟
٢٥
ئەوینی من سنوورەکانی بڕیوە
لە دڵەوە تەواوی ئاسمانی تەنیوە
٢٦
مەپرسە ئاگری گەردوون
لەکوێ دێت
سەیری دڵم بکە
بۆتە کوانووی ئەوین ؟
٢٧
زۆر جار دەمەوێ بێم بۆ لای تۆ
بەڵام دڵ بەشی تۆ ناکات
هەموو لایەکان هەر تۆی
٢٨
من گرفتاری تۆم
ئەی چی لە گرفتاریی دڵی خۆم؟
٢٩
دڵم کوپەڵەئ ئەوین بوو
ئێستا لە هەزاران جێ شکاوە
ئەوینی تیا
بەسەر ڕئگاکاندا ڕژاوە
٣٠
تۆ ئەو دڵەم بۆ کوێ ئەبەی
ئاوا ڕێگاکان پڕ بووینە
لە شەوق و شەتاوی ئەوین؟
٣١
هێندە ئەدرەوشێیتەوە
ئەی ڕوونتر لە ئاو
دڵم پڕ بووە لە ڕووناکی
تۆ تریفەی یا خۆرەتاو؟
٣٢
ئەی دڵ ئەی دڵ
من چەند گوناهبارم
کەتۆم ئاوا
بە دەردی ئەوین بردووە؟