پیرەژنێک… !
غازی حەسەن/ نووسەر/ ئەمەریکا
پیرەژنێک سەگەکەی لە باوەش گرتووە
ئێرە چەند لە ئەمەریکا دەچێت؟ چەند لە ئەستێرەیەکی دوور دووری نەبینراو دەچێت
دەنگێک دەپرسێت، دەزانی؟
ئەم پیرەژنە بەیانی دەبێتە ٩٢ ساڵ و
ملیۆنان ساڵی بەسەر چووشی بیر دێتەوە
هاوڕێیەکی میهرەبانە و..
چارەسەری شێرپەنجەی سەگەکەی دەکات
ئێرە ئەمەریکایە، یان بەهەشتێکی بێ مرۆڤ
پیرەژنێک ترس دای دەگرێت
دوای دە هەزار ساڵ
ڕۆبۆتێک لەئاسمانەوە دێت و بێ زمان و بێ پرس و سڵاو
دەپرسێت ئێرە ئەمەریکایە؟
ئەی تۆپیووی بۆگەن و توو مەرگی سەگە میهرەبانەکەت
ئێرە ئەمەریکایە؟
سەد، بڵێ هەزار، نا .. نا ملیۆنان شتی سەیر دێنە خوارەوە
پیرەژن دەپرسێت و دەترسێت
خوایە، من تۆم خۆشەویست
من تۆم پەرست و کۆیلەی شەو و ڕۆژت بووم
ئەمانە تۆ دەناسن؟
ئەمانە تۆ دەپەرستن، وەکو ئەزی کۆیلە و بەندەت
خودایە ، ئەمانە نوێژ دەکەن
ئەوانە لەوێ لە ترسەوە هاتوون
ئەی خودایە، لەوێ مردن هەیە؟
من ملیۆن ساڵە دەتپەرستم و کۆیلەی لەسەر چۆکانی تۆم
ئەوانە، ئەم جەستە سەیر و ئاسنین و ئامێرانە
تۆ دەناسن
تۆ دەپەرستن
تۆیان بیر دێتەوە…؟