شیعر …
فاتیمە حیجازی/ شاعیر / سەقز
…تەنیا،
هاتم…
ڕازاوە بوو زیندان….
بەچاوە زیتەکانی
چاودێرم بوو،
ژیان…
تاقانەیەک
سێبەری خۆی لێ ونبوو
زۆر زوو فڕی
تەیری تیژباڵی مناڵی…
زیندان،
تەماوی ، نامۆ
تەنراو بەتان وپۆی
خەیاڵێکی خاڵی…
نابەدڵی ،
پێم نایە ئەودیوی دیوار
هیچێ نەبوو
لەودیو بەهەشتی خەیاڵی…
تەنیا
سێبەرم ، چاوەڕێ…
تەم ومژ و تاریکایی…
نامناسێت
ئەویش ڕۆیی،
لەسەرخۆ، بە ئاسایی….
ئێوارەیێ درەنگ،
بەچاوەکانی خۆم دیتم،
سێبەرمیان کەلەبچە کرد ،
بردیان…
کەوتە شوێنی ،خۆزگەی دڵتەنگ
شان بەشانی خەم و باران…
زیندان…
پڕ لەبێدەنگیێکی مەنگ
خۆی دەشارێتەوە خۆر
وەک سێبەرم،
مانگ لەکاکێشان ونە
هەرئەستێرەیە، دائەکشێ
لەپێش پەنجەرەی چاوانم…
پاڵی لێداوە ، تەنیایی
تۆزێ حەسانەوەی دەوێ…
مەلێ تەنیا
پڕ بە گەرووی چۆڵی زیندان
ئەچریکێنێ،
تەنیا…