پەخشانە شيعر
تارا فەخرەدين/ نووسەر / ئەڵمانيا
هێندەی نەمابوو بۆ ئاوابوونی خۆر،
هێشتا کێوەکان دەسماڵی نارنجی سەرشانەکانیان،
فڕێ نەدابوو،
لە چاوەڕوانی دەرکەوتنی شازادەی مانگدا،
پێکەکانیان لێک دەدا.
بەسواری ئەسپێکی سپی سەرشێتەوە،
بەغار هات
ڕمێکی لە ناوەڕاستی دڵم چەقاند و
وتی: “ئالێرەوە قەڵەمڕەوی من دەست پێ دەکات!”
شەوێکی توولانی،
بە دیار تاوی دووخۆری چاومەوە،
پەردەی ڕەشی سەر ڕووی ئاسمان کاڵ بوویەوە و
یەک یەک زەنگیانەی ئەستێرەکانی،
هەڵوەرینە بەر پێی،
کەچی من لە جێی خۆم،
بە جەستەیەکی ساردوسڕەوە، سەراسیمە وەستابووم.
تک تک خوێنی دڵم، ئاوازێکی قەشەنگی دەژەنی،
ڕووبارێکی سووری دابووە پێش خۆی و
پێخاوس؛ لەسەر نووکی پەنجەکانی
هێنابوویە سەما.
هەموو شتێ کش و بێدەنگ،
بەدەم نەرمەبای بەیانێکی زیوینەوە،
شەکانەوەی ئاڵای سپی پرچم؛
بەیانی ڕادەست بوونی یەکجارەکی دا…
نووزەیەک لەگەرومدا دوودڵ وەستابوو،
بە کاوەخۆ هاتە سەر زارم و گوتم :
شاهی دڵم ! فەرمایشتتە…
هانێ بگرە بە دووربینی چاوە ماندووەکانم،
شوێن پێی ئەم ڕووبارە خوێنینە هەڵگرە،
تا کوێ سەر کا؛ تەختی خۆتە.
لێ دەترسێم، تەرزی پەنجە باریکەکانت،
ناوقەدی جادوویی ئەو ڕمە بەردەن و
ترپەکانی دڵم بفڕن،
چیدی هێلێنێ بۆ گەڕانەوە شک نەبەن.
ببە بە کۆڵەکەی ساپیتی ئەم دیوەخانە ڕماوە!
تاکو چڵوچێوی بەژنی وشک هەڵاتووم،
بگەیەنمە سەرسنووری قەواڵەیەکی زەردباو،
واژۆی خۆشەویستیت بۆ هەتایە،
بە ماچێک بکەم.
پاییزی ٢٠٢٤