فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چۆڵ

چۆڵ

ڕەسووڵ سوڵتانی/ شاعیر و  وەرگێڕ/ کەنەدا

چۆڵم وەکوو شەقامی تۆزاویی کۆنەشارێک
سڕم سڕتر لە پەنجەی بەیانیانی هەژارێک
گەڵایەكم خەزەڵوەر میوانی لەرز و تامە
وەریم لە دوا چڵووكی ئاواتی پیرەدارێک
گڤەی پاییزە ئێستا لە دەشتی عومری مندا
بەدی ناكەم لە ئاسۆی تەمەن بۆنی بەهارێک
تەمومژ ئاسمانی گرتووم و تۆ لەوێ نیت
چیایەكی گلاوم بە كاتی شۆڕسوارێک
دڵم بەو دێڕە خۆشە لە پاش مەرگم بە ڕوونی
لە قاو ئەدا نهێنیی چیرۆکی گوێ بەگوارێک
مۆری ئەڤینی تۆم بێ، سنووری کات بەزیوە
تەنانەت گەر نەمێنێ لە جەستەم شوێنەوارێک
بە دەم گۆرانیی باوە خەمنامەی خۆم دەنووسم
لە زەینی داڕزیوی ئەستوندەكی دەوارێک
ژیان ڕەزای گرانە و بارێکی قورسە بەشکم
داینێم و ئۆقرە بگرم لە مەرگی جێ هەوارێک