…………..چیرۆکێکی کورت…………….
د.مستەفا زەنگنە/ شاعیر/ هەولێر
کەتۆ لەدایک بووی
ماڵەکەمان بووە چراخان
کەکەوتیتە سەرپێ
ڕێگاکان باڵیان لێ پەیدا بوو
کەچوویتە قوتابخانە
ماڵی ئێمە…
بووە سەبەتەیەک قەڵەمی ڕەنگاو ڕەنگ
کە توولەک بوویت
ماڵی ئێمە، دەتووت تراویلکەیە
کەچوویتە زانکۆ..
باخچەکەمان پڕبوو لەگەڵای کتێب
پڕبوو لەجریوەی سروودی پاساری
کەجلی بووکێنیت لەبەرکرد
لەباتیی باران،نوقڵی بەرماغلی دەباری
کەدوو مناڵت بوو،،
دووشاباڵ لە جوانیتا ڕووا
کاتێک خۆت ئامادەدەکرد
چەپکە گوڵەکانی زانکۆ گوێت لێ بگرن
ئەسپی خەیاڵ ساتمەی کردو
دڵێک وەستاو
دەیان ماڵ بوونە تاریکستان
کەتۆ لەەدایک بوویت
هەموو باڵندەکان فێری فڕین بوون
کەجوانێک دێتە دنیاوە
ناشیرینی پریاسکەی دەپێچێتەوە
کەتۆش بەجێت هێشتین
باوکێک کەفزەنان و
دایکێک ماڵوێران و
برا بێ بزەو
خوشکیش چاوبەگریان
دوو مناڵیش،بێنازو
مێردێکیش ،سەرلێشیواو
ئەی گوڵەکەی باوکی..
خۆ تۆ هەردەڕۆیشتی دەڕۆیشتی
کلەیی بێ،
دەبوو منیشت لەگەڵ خۆتدا ببردایە
چون تۆ هیچ کات
بەتەنهایی سەفەرت نەدەکرد
نازانم چۆن نەمرم
بەڵام دەزانم چۆن پیرمت کرد