فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

جەرگە گیان

جەرگە گیان
ھبە فەیسەڵ/ نووسەر

جەرگە گیان ھێشتا قسەکانت وەک ئەو بانگەی بە گوێی ساوایەتیما خوێندرا، وەک زەنگوڵەی خڕخاڵەکانی یەک بەهارم، وەک سرودی نیشتمان لە ڕۆژی هەڵکردنی ئاڵا، لە گوێم دەزرنگێتەوە.

وەبیرم دێت کاتێک گوتت دەست هەڵمەگرە. مەگەر مرۆڤ بە هەوڵەکانیەوە زیندوە. گوتت گەر بتەوێت ئاگرێک هەڵبکەی، دەبێت چاوەڕوانیش بیت دەستت داپڵۆخێت. پێداگری مرۆڤ لەو کاتانە دەردەکەوێت کە لە تاو کزانەوەی بنپێت، بە گاگۆڵکێ ڕێگە زیخاویەکان ببڕی بۆ گەیشتن.

پرسیت تۆ هیچ کات بیرت لەوە کردۆتەوە کە کەسانێک هەن، لەودیو سنورە تەلبەندکراوەکانی خەیاڵی پەرتی تۆوە، خەندەی ڕۆژانەیان بە تاڵێکی وشە چەرمووئاسای تۆدا گرێدابێت؟.
هەر ئەوانن لە ڕۆژێکدا چەندەهاجار بە بەردەم دەرگەی شێدار و پرواوی تۆدا ڕێدەکەن. لەگەڵ لەرزینی دڵیان مشتێ ماچی تەڕ و پڕ شەرم ئاودیو دەکەنە کۆشی سەرینەکەت.

جەرگە، ئەڵێن نانی گەنم شاخدارە. بەڵام تەماعی ئەوان تەنها لە خۆشەویستیەکدایە کە بە وشە سواغ نەدرابێ. خۆشەویستیەک کە لە ژانی نوێ بونەوەی تۆوە چاوگە دەگرێ. دڵنیابە، ئەوان لە ئاست تۆدا مشتی گیریان، پەل دەبێت. ڕەنگە بە مستەکۆڵەکانی تۆ قەموور ببن، بەڵام بە بێدەنگیت پشتیان دەشکێت.
جەرگە گیان چی ئەبێ گەر ئەو شادیەی لە چاوەکانی ئەوان دەچۆڕێ، سەرچاوەکەی نیگایەکی گەرمبێت کە لەوێنە هەڵواسراوەکەی سەر دیواری هۆڵە نسرمەکەتانەوە دەیچڕن. وەلێ قەڵافەتی میهرەبانیە ئەم عەشامە دایدەماڵن. ئیدی چما تۆیش بە بەرد کەوتویتە هەڵفرینی ئەو چۆلەکانەی لە بری جیقنە، نامەی ژیانی کەسێکت بۆ دێنن؟.

جاران پەرژینی ماڵەکان خشت و خاکی بوو. ئێستا هەموو بونەتە شوشە و کەسیش لە بەردی وێڵ ناترسێ. سەر و ژێریان وەک یەک واڵایە، کەچی ئەوەی پەردەی پیادەدەن و ملیان ئەنێنە بنهەنگڵیان لە ئاستی، تەنها ناخێکی وێرانە کە بەردەوام بێزو بە ڕاستگۆیی ئەکا. هەموو لە عەزرەت چێشتنی سەرکۆزەرێک ئارامی، گیانیان لەپەنای یەکتردا هەڵواسیوە. مەگەر نازانن هەنێ هەڵواسین، لەسێدارەدانە.

(پێشکەشە بەو مرۆڤانەی کە دەنگی پێبەخشراویان لە کاسەی ئەرێنیدا دەزرنگێتەوە 💜).
ژیان
جوانیەکانی
جەرگوجگەر