فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

پێمبڵێ

( پێمبڵێ )
نیشتیمان عەبدولقادر/ شاعیر / سلێمانی

چ غەزەبێکە؟!!!
لاپەڕە سپییەکانی دەفتەری عومرت
داگیر ئەکا و ئەیەوێ
بە نووسینی داخی گران و
کۆستە یەک لە دوای یەکەکان
پڕیان کاتەوە!

چ ھەڵچوونێکە؟!!!
نۆتەی مۆسیقا ئەدزێ و ئەیەوێ
بە تەنافی نیگەرانیدا
وەک سێدارە
لنگەوقوچ و سەرگەردان
ڕیزیان بکا و ھەڵیانواسێ!

چ تۆرانێکی ڕەشە؟!!
ھێز و وزەی خۆڕاگریت ئەمژێ و ئەیەوێ
خەونە بێچارەکانت
بە ناوی دەستی چەپەڵی ڕۆگارەوە بخنکێنێ
فەرمووی مەیخانەت لێ بکا
بەڵام بادەی ئەسەفت لە دەست نێ!

چ حەسرەتێکە؟!!!
ھەموو ڕۆژێ
وانەیەکی تری پەشیمانیت پێ ئەڵێ
وەک ئەوەی پێت بڵێ
شادی تەنھا ئەوەیە
مرۆڤ لە دەرد و بەڵا بەدوور بێ!

چما تۆ نازانی
گەر لێبووردن لە خۆت و لەوانی دیکەش
ژەمی سەرەکی ڕۆژانە و
سفرەی حەز و ئارەزووی
خۆشترین خۆراکی ڕۆحت بێ
ئەوا ھەموو ھەڵچوون و غەزەبێک
خۆبەخۆ وەلائەچێ؟!!!

خۆ گەر بیرت بێ
تۆ منت فێرئەکرد
چۆن دەستم لە پەتی جڵەو گیر ببێ
چۆن لە دەروازە دینی و دنیاییە فەرزکراوەکان بێمە دەرێ
پڕ بە خۆشەویستیش ڕۆحم جورئەت بکا
بۆ تابۆکراوەکان دەست بەرێ
چۆن خۆم ببینمەوە
لە کۆت و بەندی ڕەش و سپی ڕزگارم بێ
دنیاش بە ڕەنگی پەلکە زێڕینە بنەخشێنم
ببمە خەیاڵێکی پرچ خاو
بە دیار گەورەیی و میھرەبانیتەوە
بێداری بکاتە خۆشترین خەو و
شیعری نازدار و جوان بۆ تۆ بڵێ

چ غەزەبێکە لە خۆتی کردوویت ئازیزم؟!!
چ غەزەبێکە …. دە پێم بڵێ؟!!!