فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

مێزێكی سێگۆشه‌ ئێمه‌ له‌ شه‌وێكی سارد كۆده‌كاته‌وه‌

مێزێكی سێگۆشه‌ ئێمه‌ له‌ شه‌وێكی سارد كۆده‌كاته‌وه‌

بێکەس حەمەد قادر/ شاعیر/ هەولێر

‎‏‎ئێمه‌ دوور ده‌ڕۆین
‎‏‎دۆل و چیا دەبڕین
‎‏‎هه‌وره‌كان نزیك نزیك ده‌بنه‌وه‌
‎‏‎ته‌م له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌ی ماشێنه‌كه‌مان ده‌نیشێ
‎‏‎له‌به‌رزی و نزمی ڕێگا
‎‏‎له‌ ناسینه‌وه‌ی دره‌خته‌كان
‎‏‎من زمانم وشك ده‌بێ و
‎‏‎ده‌سته‌كانم ده‌له‌رزن و
‎‏‎جگه‌ره‌كه‌م بۆ داناگیرسێ
‎‏‎چاوه‌كانم ڕێگای دوور ئازاری داون
‎‏‎كاتێ له‌ ڕێگای دوور كه‌سێ باسی عیشق بكا
‎‏‎له‌ كاتی بیانۆهێنانه‌وه‌ی جێهێشتنی
‎‏‎من په‌نجه‌كانم توند لێك گیرده‌كه‌م
‎‏‎كاتێ په‌یكه‌رێك ده‌بینم چیرۆك ده‌گێڕێته‌وه‌
‎‏‎ئێواره‌یه‌كی سارد
‎‏‎مێزێكی سێگۆشه‌
‎‏‎له‌ ژوورێكی لاچه‌پی شار
‎‏‎به‌ ده‌م ژاوه‌ ژاوی با
‎‏‎ژنێك گۆرانی بۆ عیشق ده‌ڵێ
‎‏‎ئێمه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ ته‌ماشای تاریكی شه‌و ده‌كه‌ین
‎‏‎ده‌مانه‌وێ له‌ خه‌ونه‌كانماندا له‌سه‌ر قه‌دی دره‌ختێ بنووسین ژیان
‎‏‎له‌ ته‌ماشاكردنی ئه‌ستێره‌كانی به‌ ئاسمانه‌وه‌ تیشك ده‌رده‌ده‌ن
‎‏‎له‌ عاشق بوون ڕووناكی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌په‌مان بنه‌خشێنن
‎‏‎سێبه‌ری تۆ له‌ شه‌وی تاریك دا
‎‏‎له‌ نێو ڕه‌نگی بێ ڕه‌نگی مندا
‎‏‎له‌ ئێواره‌یه‌كی سارد دا
‎‏‎ته‌نیایی ده‌خه‌ینه‌ ده‌ره‌وه‌ی ته‌نیایی
‎‏‎ئێواره‌یه‌كی سارد
‎‏‎له‌ مێزێكی سێگۆشه‌ دا
‎‏‎من ده‌ستی ڕاسته‌م له‌ ده‌ستی چه‌په‌ی تۆ گرێ ده‌ده‌م
‎‏‎چه‌ند منداڵانه‌ خه‌ونی گه‌وره‌ ده‌بینم
‎‏‎حه‌زم له‌ كاتژمێره‌ كۆنه‌كه‌ته‌
‎‏‎ئاره‌زووی گه‌ڕانه‌وه‌ی دوێنێ ناكه‌م
‎‏‎ده‌مێكه‌ عیشق قیبڵه‌نمای منه‌
‎‏‎ئێواره‌ ئاواده‌بێ
‎‏‎سبه‌ینه‌ پێده‌كه‌نێ
‎‏‎من چ جوان خه‌یاڵان ده‌كه‌م
‎‏‎چ جوان خۆشمده‌وێی
‎‏‎ژاوه‌ ژاوی با
‎‏‎سه‌مایه‌كی جوان به‌ پرچی گه‌ڵاكان ده‌كا
‎‏‎ئێمه‌ له‌ مرۆڤ بوونماندا
‎‏‎چه‌ند جوانین
‎‏‎ئێواره‌یه‌كی سارد
‎‏‎مێزێكی سێگۆشه‌
‎‏‎كۆمان ده‌كاته‌وه
***
‎‏‎له‌ ده‌مێكی بچوك
‎‏‎هێنده‌ی ده‌نوكی چۆله‌كه‌یه‌ك
‎‏‎ده‌توانی باسی به‌خته‌وه‌ری بكه‌یت
‎‏‎ئه‌گه‌ر له‌ خه‌ونیش دا
‎‏‎بیبینی بۆ ئه‌و
‎‏‎ئێواره‌یه‌ و ته‌م چیا سپی پۆش ده‌كا
‎‏‎ئێمه‌ ده‌ڕۆین و شار جێ دێلین
‎‏‎ئێواره‌ به‌ قاوه‌یه‌كی تاڵ ده‌سپێرین
‎‏‎ژنێك به‌ ڵێوێكی سور
‎‏‎مژێكی قوڵ له‌ جگه‌ره‌ی نێو په‌نجه‌كانی ده‌دا
‎‏‎پێكێكی خه‌ست له‌ شه‌وێكی سارد
‎‏‎بۆمن مشتی شه‌راب ده‌كات
‎‏‎له‌ ده‌مێكی بچوك په‌یڤ ده‌بارن
‎‏‎ژیان و خۆشه‌ویستی
‎‏‎په‌رش ده‌بن
‎‏‎ئێمه‌ چه‌نده‌ جوان ته‌ماشای ته‌می ڕێگا ده‌كه‌ین
‎‏‎چه‌نده‌ جوان چاوه‌ڕوانی له‌ چاوه‌ڕوانی ده‌هێلینه‌وه‌
‎‏‎بۆ ئه‌وه‌ی ژیانمان خۆشبوێ
‎‏‎باران ده‌كه‌ینه‌ بیانۆ
‎‏‎دڵته‌نگی به‌ رێگا ده‌سپێرین
‎‏‎پێكه‌وه‌ بریارمان دا
‎‏‎ژیانمان خۆشبوێ
‎‏‎ئێمه‌ بیانۆ ناهێڵینه‌وه‌
‎‏‎تاله‌ عاشق بوونی خوناوی سه‌ر گوله‌كان بكه‌ین
‎‏‎له‌ ده‌مێكی بچوك وشه‌ی خۆشمده‌وێی
‎‏‎ده‌كه‌ینه‌ قیبله‌نمای جێگه‌ی ژووانمان
‎‏‎ره‌نگه‌ تۆ گۆچانێك
‎‏‎له‌ ده‌سته‌كانت بگری
‎‏‎منیش پاسه‌وانێكی خراپی
‎‏‎ڕێگای هیلاكی گه‌یشتنی تۆ بم
‎‏‎دابڕانت كۆتایی ته‌مه‌نی من بێت و
‎‏‎ده‌ستپێكت چله‌ نێرگزێك بێت
‎‏‎ڕه‌نگه‌ من خۆشم نه‌وێی
‎‏‎به‌لام وشه‌یه‌كم پێویسته‌
‎‏‎بۆ هاتنی تۆ
‎‏‎بۆ ناسینه‌وه‌ی تۆ
‎‏‎هه‌موو ئه‌و شتانه‌م پێویستن
‎‏‎چاوه‌كانت كه‌ دوور دوور ده‌ڕوانێ
‎‏‎پێیه‌كانت كه‌ له‌ ئه‌رزدا چه‌قیوون
‎‏‎له‌ ته‌ماشاكردنی ئاسمان
‎‏‎كه‌ باران چاوه‌كانم ته‌ڕ ده‌كات
‎‏‎له‌ بیری من دا
‎‏‎عیشق هێزه‌
‎‏‎بۆ له‌ بیركردن
‎‏‎ره‌نگه‌ گۆچانێك
‎‏‎یان چه‌ترێك بۆ پیاوێكی پیری وه‌ك من
‎‏‎پێویستی بێت بۆ په‌ڕینه‌وه
‎‏‎ده‌سته‌كه‌تم بدێ تا ته‌می ڕێگا
‎‏‎نه‌ڕۆیشتووه‌
‎‏‎بۆ ئه‌وه‌ی ئاوێته‌ی ته‌م و باران و رێگا و
‎‏‎سه‌فه‌ر و ژیان ببینه‌وه‌
‎‏‎چه‌تره‌كه‌ت فڕێ بده‌
‎‏‎با باران له‌م ڕێگایه‌
‎‏‎به‌نێو پرچی تۆدا
‎‏‎ڕێگا و په‌نجه‌كانی من
‎‏‎ته‌ڕ ته‌ڕ بكات
‎‏‎تا له‌ ده‌مێكی بچوك دا
‎‏‎گوێ له‌ گۆرانیه‌كی تازه‌ بگرین
‎‏‎ئێمه‌ له‌ سه‌فه‌ره‌كانمان دا جوانترده‌بینه‌وه‌
‎‏‎ده‌سته‌كانمان هۆگری رێگا بوون