با بگەرێتەوە
ڕزگار کاوانی/ شاعیر
با بگەرێتەوە
با بگەڕێتەوە کۆڵانەکانی منداڵیم
تا سەردەمی مووە ڕەشەکانی باوکم و
سەردەمی عازەبی دایکم
عەدەمی من چش، با بگەڕێتەوە.
با بگەڕێتەوە، تا ئەو زەمەنەی کە هێشتا؛
ژینگە بە دووکەڵی جگەرەی سەرمایەدارەکان پیس نەببوو.
هێشتا تەکنەلۆژیا دزێوانە هێندە دونیایان بچووک نەکردبووەوە، تیایدا بخنکێین.
با بگەڕێتەوە، تا ئەو کاتەی؛
زەوی نەببووە سێوێکی گەنیو.
هێشتا کرمەکان لەنێو خۆیاندا بەش بەشیان نەکردبووین.
هێڵە شەتوخوارەکانی سەر ئەتلەسیان نەکێشابوو.
هیچ فێڵێک نەبوو بەناوی سیاسەت و
وڵاتێک نەبوو بۆ فرۆشتن.
خاکێک نەبوو بەناوی من بێ و تۆش تیایدا بێگانەبیت.
با بگەڕێتەوە، تا ئەو شوێنەی؛
نیشتیمانێک نەبوو خوێنی گەرەک بێت.
پەرۆیەک نەبوو ببێتە ئاڵا.
هیچ رێکەوتننامەیەک نەبوو، گەورەکان واژووی بکەن و
بچووکەکانیش باجەکەی بدەن.
با بگەڕێتەوە؛
تا ئەو چەرخەی خودا مولکی هەموومان بوو،
کەس بەناوی ئەوەوە شمشێری لە کالان دەرنەدەهێنا.
ئایین نەبوو بە پیشە و هیچ دەقێک نەبوو کافرمان بکات.
با بگەڕێتەوە؛
ئەو گالیسکە نەفرەتییەی ڕۆحی گەردون بەدوای خۆیدا رادەکێشێ
خەریکە دەگا بەو پەڕی سنووری بێڕوحمی
کە ناومان ناوە پێشکەوتن.
با بگەڕێتەوە…
کەشتیەک دەگاتە کەنار ئارامی،
شەپۆلە نائارامەکان
چارۆگە دڕاوەکان
تەختە خوارەکان
بزمارە لەیەک ترازاوەکان
سەرنشینەکانی یەکە یەکە بەر دەدەنەوە،
بە بەتاڵى دەگەڕێتەوە،
دەبێ بگەڕێتەوە.
تا لەکەوتن ڕزگارمان بێت.
با بگەڕێتەوە.
2024 کاوانیان