ئەم شیعرە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیری دەستکردەوە نییە
بۆ سۆران عومەر
سەرەتای ئەم شیعرە نووسیم:
داستان بەرزان/ شاعير / سلێمانی
ئەی هاوەڵی ڕۆژ و شەو
تۆ دەکێشم من ڕۆژ و شەو.
دەمێک وەستام، چاوێک ڕامام، زمانێک نەمام، سەرێک تێدامام، عەقڵێک زانیم، دڵێک بزوام، تێگەیشتم کە دڵنیام بەم شێوازە و لەم کەشە، لەم ڕەزم و خوازە و ئاوەزە، بەم هەوا و خەون و خولیایە، ئەو دوو نیوە دێڕەی تیایە، سەرەتای ئەمەی دەینووسم، کۆتایشی لەوێدایە…
ئەمجارە نووسیم:
گەر تاریکی شەوگار نەبووایە
ئەستێرەکان درەوشانەوەیان لە کوێ بوو؟
ئەستێرە بۆیە هەیە شەو هەیە
گەر دڵێک شێواو نەبێت
دڵێک لەسەرخۆی نییە
دڵ لە پیناو دڵ هەیە.
بەهای هەر باڵاییەک
پەیوەستە بە بوونی نشێوەکانەوە
مرۆڤ بۆ ئەوەی بەهێز بێت
دەبێت مرۆڤ هەبێت لاواز
مرۆڤ بۆ ئەوەی زەنگین بێت
دەبێت مرۆڤ هەبن هەژار.
جوڵانی گەردوونێک دەوەستێت
وەستانی گەردوونێک دەجوڵێت.
هاوارێک کە هەیە
کە بەرزە و
دەڕسکێت
هاوارێک کە نییە
بێدەنگە و
دەفەوتێک.
کە دەنکە هەر تۆێک دەتروکێت
دەبزڕکێت کە تۆێک هەر دەنکە.
کە ئاسمان وەک ئێستا بێبارە
وەک ئێستا کە زەمین بەبارە.
گەر من و تۆ نەبین
لەم چرکەساتەدا
لەم کەشە تەنگەدا
بوون ئاخۆ چییە خۆی؟
تەنگانە چییە هۆی؟
گەر من و تۆ نەبین
خەونمان لەمپەڕی جیهان و
پەخشانمان ئەوپەری سنوور
ئاخۆ بوون یان نەبوون بۆ جیهان چی دەبێت ؟
سەرەتا لەمپەڕی جیهانە کە دەزێت
لەوپەڕی جیهانە کۆتایی کە دەمرێت!
سنورێک کە دەبێت کە هەبێت
کە نابێت سنوورێک کە هەبێت!
ناخۆشی کە لێرە ژیانە
خۆشبەختی لە کوێ بێ ژیانە!
دڵی تۆ ڕووناکە لە دڵما تاریکە
دڵی من ڕووناکە لە دڵتا تاریکە!
ئەی هاودەم
من ڕۆژ و شەو دەکێشم تۆ
تۆ ڕۆژ و شەو دەکێشیت من
من لە کوێم؟
تۆ لە کوێیت؟
ئێستاکە کاممان هەین
کاممانین دەپەیڤین
من و تۆ؟
بەبێ تۆ ئەم شەقامانە چۆن ببڕم؟
من ئەرکە لە شانم -با-یەکان لێکبدەمەوە
بەبێ تۆ چۆن
لە کوێوە
سەرەتا
خۆم بناسم
ئەوجا -با-یەکان
کە بەبێ تۆ نامۆیە بە من
هەموو جیهان!
ئەوەی باشە تۆ نرخت لەسەر نییە
تۆ شکۆت ناپێورێت
ئارامی/ توڕەیت ناناسرێنەوە
ناتوانن هەڵیسەنگێنن
کێشانەی بکەن
ڕێژەی بدەنێ
فۆڕمی بدەنێ.
کە باشە تۆ باڕکۆدت لەسەر نییە
ستیکەر ناتناسێت
ژمارەی نهێنی وەرناگریت
چەند باشیت تۆ
تۆ چەند باشیت!
تۆ -با-یەکی ساردی لەسەرخۆی نووستوویت
تۆ -با-یەکی گەرمی توڕەی پەنگخواردوویت
تۆ بێدەنگیت لە ناو قیژەدا
تۆ هاواریت لە ناو بە تاڵاییدا
پێدەکەنیت وەک ئەوەی بگریت
دەگریت وەک ئەوەی لە خۆشیدا بیت
تۆ خۆشیت گرتووە
تۆ ناخۆشیت خواردووە.
ڕەشەبایت لە سروەدا
نێڵەیت لە ژیلەمۆدا
کڵپەیت لە خۆڵەمێشدا
تۆ کات ناناسیت
بۆ گەرداو
تۆ شوێن ناناسیت
بۆ هەڵمەت.
هەڵە تێگەیشتن ئەوانەی تۆیان لە نێوان دوو کەوانەدا هەڵگرت
فریویان خوارد ئەوانەی تۆیان لە مانایەکدا زیندانیکرد
تۆ ناوەڕۆکێکی نائارامی ڕووتی بەبێ کەوانە!
تۆ گورزێکی بە زەبری بۆ دیواری بەندیخانە!
تۆ ژیانت ئاشکرا کرد کە ئیبلیسە
هاوارت کرد
ئەمە ژیانە؟
کامە ژیانە؟
ئەمە ژیانە؟
کامە ژیانە؟
ئا ئەمە؟
ئەمە ژیانە؟
کامە؟
کامە ژیانە؟
ئێستاکە تۆ ئەستێرە دژایەتیت ئەکا
مانگ پیلانت لێدەگێڕێت
خۆر قۆرتت بۆ لێدەدا
سپێدە دەستی دەستی بە شەوانت دەکات
شەوانت خۆیانت لێ گێل دەکەن.
کەچی تۆ بە دەستێک کە بۆ ئاسمانی هەڵدەبڕیت
ڕەنجی هەمووی دەدەی بە –با-
هەرچێ دژایەتیت بکات!
پەشیمانی سەر دەخوا.
من زویرم تۆ ئەگەر لێرە نەبیت
من نیگەرانم
ئەگەر تۆ بۆ بڕینی ئەم شەقامانە لەتەکم نەبیت
ئەم شەقامانە بەبێ تۆ چۆن ببڕم؟
دەمڕن ئەم شەقامانە بەبێ تۆ!
مەڕۆ… دانیشە
تۆ
ئارامبە/ لەسەرخۆ
تۆ
ئۆغرمەکە لەم هەوارە
تۆ
هەر دەڕوات
دەبێت بڕوات ئێستاکە
سبەی دێت
چاوەڕێکە بزانین چی دەبێت
من دڵنیام
من دڵنیام ئاسمان شتێکی بۆ تۆ پێیە!