تنۆکە ئاوێکی غەریبم
نەجات ئەحمەد/ شاعیر/ ھەولێر
بەڕێگاوە بۆ ماڵی سارد
بۆ ماڵی خشتوورم
هەزار و یەک باڵندەی بزۆز لەناو سەرمدا
دەرگاکە دەکەمەوە
تەنیایی باوەشی دەکاتەوە
یەکەم دوگمەی کراسەکەم دەترازێنم
برین دەرەکەوێت
ئازار هەڵەوەرێتە بەرپێم
لەژێر دوشی گەرماوێکی کپدا یەک سەدە دەوستم،
ورد ورد چڵکی غەریبی لەخۆم دادەڕنم
دێم و لەسەر تەختەخەوێکی ڕەق و تەق
لەسەر پشت ڕادەکشێم
دەست دەکەم بە پێوانی بنمیچەکە
جارێک ، دوو جار و دە و پەنجا…
هەڵەستم و لە ئاوێنەیەکی شکاودا دونیایێک پرسیار لەچاوەکانما دادەبارن
نم نم وردە زەنگیانەی ناکامی بەسەر روومەتی وشک و برنگمدا
شۆڕ دەبنەوە
وشە لەئامێزی زماندا ئیفلیج دەبێت
ئازار لەناو سکمدا وەک مەنجەڵی دانوولە
قوڵپە قوڵپییەتی
سەری تژی لە کۆتری کوژراوم
خەریکە لە لاشەی سەردم دادەبڕێت..
هەمدیس لە جێگاکەمدا دەکەوم بەدەما
هێندە نابات خۆر دێتە سەر سەرم
بەڕووێکی گرژەوە لێم دەڕوانێ
وەک بیەوێ بڵێ: هەستە؛ بڕۆرەوە ناو جەنجاڵییەکەی دوێنێ و پێرێت
ئیتر تۆ و غەریبی دوو دڵداری هەرەئازیزن
مەگەر مشتێ خۆڵ لەیەکتان بستێنێ..
بە ئاوازێکی غەمینەوە ، بە پەنجەرەکە دەڵێم:
لە خوێنمدا
لە پەنای گوێکانمدا
لە لێواری دەریای وشکی لێوەکانمدا
لە مابەینی دانە دانەی برژانگەکانمدا
تەنانەت لە پێڵاوە تۆزاوییەکانیشمدا
لە هەر قوژبنێکی رۆحم بڕوانی
غەریبی تەنیویەتی
غەریبی دووپشکە
غەریبی بارانێکی ناوەختە
ژەهرێکی کوشندەیە
ڕژاوەتە ڕۆحمەوە
دەمباااات و دەمبات..
وەک ئەسپێکی قەرەج وێڵم دەکات
وێڵی سارای هەزار بەهەزاری تژی لە دڕک و داڵ…
ئەو هیچ ناڵێت ، بێدەنگ .. بێدەنگ
ورد و خاش ، هەر لێم دەڕوانێت
لێم دەڕوانێت و بەجارێ دەبێتە دڵۆپە ئاوێکی شکاو
چاوانی لێوڕێژ لە تەمم ڕوویان لە ئاسمانە
بە زمانی چاو هاوارەکەم؛
وای خودایە
نازانم بەردی دەستی کامە منداڵی لاسارە
وا گۆمی بەختیاریمی شڵەقاندووە
تێناگەم بوخچەی کامە سەفەرە
وا ئارامی ژووری ماتمی شێواندووە؟!
ئیدی تەواوبوو
تەواو ، تەنافی ئومێدی من دەمێکە پچڕاوە
هیوای بێ سەر و شوێنم لەمێژساڵە نێژراو
من و ئێرە ، ئێرە و من ، هیچمان بۆ یەکدی نابێت
من تنۆکە ئاوێکی غەریبم
ئەم گەردوونە تەشتێک ڕۆنی داغە
جێم نابێتەوە و نابێتەوە ، هەر دەبێ بتەقمەوە.