شیرینەکەم
ئاژوان ڕۆژھەڵاتی/ شاعیر/ نەرویج
شیرینەکەم!
کە تۆم هەیە
چی لە شیلەی هەنگوێن بکەم !؟
چی چێژی ئەم دونیایە
تاڵی زارم فڕێی نایا
تۆی چێژبەخشی جەستەی زیزم
ساڕێژی ئازارەکانم
تۆی ئازیزم!؟
ڕووناکی مانگی یەکشەوە
هیچ ناهێنێ!
چراخانی چاوەکانت
تارماێی ژین ئەڕەوێنێ!
کە تۆم هەیە!؟
چی لە تیشکی خۆرەتاو کەم !
گەرمی لەشی دەروونی تۆ
هەزار فەرسەخ هەستی دەکەم!؟
من چیم داوە لە ژاوە ژاوی ڕۆزگار!؟
یەک وشەی تۆ ڕۆمانێکە
بە بێ ئازار!
من چیم داوە لە ئاسمانی شین و ساماڵ!؟
خۆم دەزانم تۆ پێم ناڵێی!
ناخی تۆ بۆم ساماڵێکە
چەن جوان و پاک و بێ گەردە!؟
تۆ لە تاڤگەی بەفراو دەچی!
کە ئەڕژیتە دەروونمەوە
تەزووی ئەوینت دەمگرێ!
نازانم ڕۆژە یان شەوە!
هێندە ئاسوودەم بە بوونت
بێ وێنەیت و نییە وێنەت!
تۆ لە شنەی شەماڵ دەچی
مزگێنی بەهار ئەهێنی!
لە فەرهادی کوکەن دەچی!
ئەودەمەی شیرین ئەدوێنێ!
من چیم داوە لە بەهەشتێ!؟
کە ئەڵێن حوریت ئەدەنێ
بەهەشتی من کۆشی تۆیە!
ڕۆح و دڵم ئەبزوێنێ!
کە ئاوێزانی باڵات بم
بەهەشت و کەوسەریش دێنێ!؟
30/10/24