نامرم
ئەیوب ئەحمەدی تینوو کۆکەیی/ شاعیر / بۆکان
تا هەرێمی دڵ مەکۆی ئەشق و ئەوین بێ نامرم
تا بزەی شیرینی تۆ دەسپێکی ژین بێ نامرم
گەر بڵێسەی خۆشەویستیت بێ لە ناخم پێت دەڵێم
تا دڵم جانتای ئەوینی ئاگرین بێ نامرم
دەردی تۆ نادەم بە دەرمانی خەڵک باش تێبگە
تا پەناهم باوەشی تۆی نازەنین بێ نامرم
گەر بە ساڵیش لێم بپرسی چەل بە چەل یادم بکەی
تا هەناسەت چاوگە بۆ هەستی بەتین بێ نامرم
گەر هومێدێکم هەبێ ڕۆژێک لە ڕۆژان دێیە لام
سەد ئەوەندی دیش دڵم کانگای برین بێ نامرم
گەرچی مان و ژینی تینوو قەت بە دەستی خۆی نیە
تا خەیاڵی تۆ لە گەڵ من هاوسەرین بێ نامرم
لاشەشم گەر بێتە خاک و خۆڵەمێش ئێستا دەڵێم
یادەکانی تۆم لەسەر گڵکۆکە شین بێ نامرم
۸خەزەڵوەری ۲٤