بەلەنجە
خەبات ڕەسووڵی/ نووسەر/ نەرویج
– چیرۆک-
سادق کە دەرکەی ماڵێی کردبۆوە. ژنێک لە پێش دەرکەکە ڕاوستابوو. بەخۆوە و باڵابەرز. سادق پێی وابوو ئەگەر بیەوێ بێتە ژوورێ سەری لە سەرەوەی دەرکەکە دەرێت، بەڵام ژنەکە بێ هیچ قسەیەک هاتبووە ژوورێ و سەریشی لە دەرکەکە نەدابوو. لە پاش ئەو عەلی و عەوڵاش هاتبوونە ژوورێ. سادق بەدیتنی ژنە موچرکێکی پێدا هاتبوو. ژنەکە چارشێوێکی سپی گوڵ پەمەیی بە خۆیدا دابوو و سوراوسپیاوکی خەستی کردبوو. پێستی ئەسمەر و چاوەکانی گەورە گەورە بوون و گلینەی وەک دەنکی ترێ ڕەش بوو.
عەوڵا بە شەلە شەل چووبوو لە ژێرزەمین ئارەق بێنێت. سادق و عەلیش سفرەیەکیان لەسەر عەرزی هاڵێ ڕاخستبوو و چوار ئیستکان و چوار دەوری و کارت و چەند پرتەقاڵێکیان دانابوو. ژنە لەسەر تاقە سەندەڵی نێو ژوورەکە و دوور لە سفرەکە دانیشتبوو و لاقی خستبووە سەر لاقی و بێ دەنگ سەیری هاتووچۆی پیاوەکانی کردبوو. مۆنی و بێ دەنگی ژنەکە قورساییەکی ناخۆشی بە ماڵەکەدا بوو. سادق بە شەرمێکەوە سەیری ژنەی کردبوو. ژنەش بە چاوە ڕەشە گەورەکانی لە سادق خورد ببۆوە. سادق قەڵەو و کورتە باڵا و ڕەش تاڵە و چاوچکۆلە بوو. سەری سیفر کردبوو و کراسێکی شینی پیتیسکێن و شارواڵێکی لی کۆنی لەبەردابوو.
سادق بە پەلە سەری بەردابۆوە و پۆفەکێکی ئەشی مەشی هەڵپچڕیبوو و کردبوویە نێو قاپێکی شووشەوە. پاشان خەریکی هەڵپچڕینی چیپسێک ببوو. ژنە چاوێکی بە ماڵە بەتاڵەکەدا گێڕابوو. پاشان نیگای لەسەر وێنە هەڵواسراوەکەی سەر دیوار لەنگەری گرتبوو. ژنێکی گەنج و کچێکی تەمەن پێنج شەش ساڵە بوون. تارایەکی سووریان بە سەر وێنەکەدا دادابوو. سادق کە بینیبووی ژنە سەیری وێنەی سەر دیوارەکە دەکات، لە قەستی کۆخی بوو. ژنە چاوی لەسەر وێنەکە هەڵگرتبوو و سەیری سادقی کردبوو. سادق لە بن لێوییەوە گوتبووی: شەیدای خوشکم و کچەکەین. چەند ساڵ لەوە پێش بە تەسادوف مردن. ژنە نەخوازراوانە گوتبووی: ئۆی. پاشان جارێکیتر سەیری وێنەکەی کردبۆوە. شەیدا ژنێکی سی ساڵەی دەنواند. چاویلکەی ئەستووری ڕەشی لە چاودابوو. ژنە بەهۆی تاراکەوە دەموچاوی منداڵەکەی باش نەدەدیت. سادق ویستبووی بزانێت ژنە بە بیستنی ناوی شەیدا چی لێ دێت، بەڵام ژنە لەوە زیاتر هیچی نەگوتبوو.
پاش ئەوە عەلی و عەوڵا بە دوو سێ قاپ تۆو و نۆکاو و خەیار و ماست و سیرەوە هاتبوونە سەر سفرەکە. فەرمووی ژنەکەیان کردبوو بێتە خوارێ و دانیشێت. ژنە لە سەر عەرزی دانیشتبوو. پەیکی یەکەمیان بە خۆشی کورد و کوردستان هەڵدابوو، بەڵام لە پەیکی دووەم و سێهەمەوە وردە وردە کوڕەکان سەرخۆش ببوون و ڕوویان کرابۆوە و هەر جارەی یەکێکیان ژنەی ماچ کردبوو و شتێکیان کردبوو. تا وای لێهاتبوو ئاخری عەلی دەستی ژنەی گرتبوو و گوتبووی: با بچینە ئەو دیوەی دیکە. کە پێکەوە چوونە ژوورێ سادق سەرنجیدا بەژنیان بە قەت یەک بوو، بەڵام عەلی بە پێچەوانەی ژنە، کز و لاواز و ڕەقەڵە دیار بوو.
سادق خۆی بە سفرە و ئارەقەوە خافڵاندبوو.
عەلی و عەوڵا ئارەق و جووتبوون گەرمی داهێنابوون و نە ژمارەی پەیکەکانیان زانیبوو و نە ژمارەی هاتووچۆیەکانیان، تەنانەت نەیانزانیبوو، سادق تا ئێستا هەر نەچووەتە ژوورێ. سادق هەرجارەی بە بیانوویەک خۆی دزیبۆوە و ئەوانی ناردبووە ژوورێ. شەو ڕاشکابوو و بتڵێکی شەو مابوو و عەلی و عەوڵا ماندوو و سەرخۆش هەر یەکەی لە ژوورێک خەوتبوون و دەنگیان نەمابوو. پاش قەیرێک ژنە دەرکەی کردبۆوە و هاتبووە دەرێ. سادقی بە تەنیا لە هاڵەکەدا بینیبوو. سادق لە پەنا سفرەیەکی پڕ لە توێکڵە تۆو و پرتەقاڵ دانیشتبوو و لە فکرەوە ڕۆچووبوو. بەدەنگی جیڕەی دەرکەکە سادق سەری هەڵێنابوو و سەیری ژنەی کردبوو. ژنەکە جلی لەبەردا نەببوو، بەڵام مەلافەیەکی سپی لە خۆی هاڵاندبوو. پرسیبووی: تۆ ناتەوێ بێیە ژوورێ؟
سادق هەستابووە سەر پێ. لە گەڵ هەستانە سەر پێی هەستی کردبوو لەپڕ تەواوی دەمارەکانی لە جیاتی خوێن پڕ بوون لە ئارەق. پاشان هەستی کردبوو سەری لە گێژەوە دێت. لە دڵەوە پێی خۆش ببوو دانیشێتەوە، بەڵام لەترێکی لێدابوو و ڕوو بە ژنە چووبووە پێشێ. ژنە لە نێو چوار چێوەی دەرکەکەدا ڕاوەستابوو. سادق چووبووە بەردەمی. هەستی کردبوو سەری نزیک شانی ژنەیە، بۆیە زیاتر سەری هەڵێنابوو. پاشان بەشێنەیی دەستی ڕاستی هەڵێنابوو و خستبوویە سەر سنگی ژنە و ویستبووی پاڵێکی پێوەنێتە ژوورێ، بەڵام ژنەکە لاچووبوو و سادق دەمەوڕوو کەوتبووە نێو ژوورەکەوە. ژنە وەک کیژۆڵەیەک تریقابۆوە و لە قاقای پێکەنینیدا بوو.
سەرخۆشی بە ژنەوەش دیارببوو. بە نازێکەوە چووبووە پێشێ و هەوڵیدابوو یارمەتی سادق بدات هەستێتەوە، بەڵام سادق هەڵنەستابوویەوە، هەر لە جێی خۆی دانیشتبوو و بە دەستی لە تەختی مافوورەکەی کوتابوو و گوتبووی: وەرە ئێرە دانیشە. لە نێوەڕاستی ژوورەکەدا دۆشەگێک ڕاخرابوو و دوو سەرینی لەسەر دانرابوو. لە بن دیوارێکیش دەستەنوێنێکی هەڵپچڕاو بە شێواوی دەبینرا. قوتوویەکی بەتاڵی دەسماڵ کاغەزی و نایلۆێک پڕ لە دەسماڵ کاغەزی پیس لە تەنیشت دۆشەگەکە دانرابوو. ژنە بە گوێی سادقی کردبوو و ڕێک چووبوو لەو شوێنەی ئەو گوتبووی دانیشتبوو. سادق بەدەنگێکی لەرزۆکەوە گوتبووی: عەلی دەڵێ نێوت بەلەنجەیە، بەڵام من دەزانم نێوت سۆهەیلایە و ماڵتان لە پشت تێرمیناڵە. باوکت نێوی حەسەن دارتاش بوو. وایە، یان نا؟
ژنە بزەیەکی تاڵی کردبوو و گوتبووی: نا نێوم بەلەنجەیە و خەڵکی ئێرە نیم و لە شارێکیترەوە هاتووم. پاشان دەستی درێژ کردبوو و دەستی خستبووە سەر ملی سادق و گوتبووی: بەڵام ئەگەر پێت خۆش بێ ئەمشەو دەبمە سۆهەیلا. شان و ملی سادق لە ئارەقەدا خوسابوون و کراسە شینەکەی بەزگییەوە نووسابوو. لەپڕ چاوە چکۆلەکانی تەنگتر کردبۆوە و بەڕقەوە سەیری نێو چاوی ژنەی کردبوو و گوتبووی: نا نامەوێت.
گوتبووی: سەرباز بووم. دوای ئەم قسەیە دڵی پڕ ببوو و کەمێک بێ دەنگ ببوو. پاشان درێژەی پێدابوو و گوتبووی: بیستمەوە سۆهەیلا چووەتە شاخ و پاشان شەهید بووە. ژنە بڕێک زیاتر مەلافەکەی لە خۆی هاڵاندبوو و گوتبووی: خۆشت دەویست؟ سادق سەری بەردابۆوە و سەیری گوڵەکانی مافوورەکەی کردبوو. ژنە درێژەی پێدابوو و گوتبووی: بەڵام من ئەو نیم. سادق بە زەحمەت هەستابووە سەر پێ و گوتبووی: دەزانم. سەبرایەک گوتبووی: بەڵام زۆر شێوەی ئەو دەدەی. پاشان بە دەنگێکی نزمترەوە گوتبووی: کوڕەکان خەوتوون و ناتوانن بتگەیەننەوە. ئەگەر دەمێنییەوە دەتوانی هەر لێرە بخەوی، دەنا پێت خۆشە بڕۆی بڕۆ.
ژنە دیسان پرسیاری کردبوو: ناتەوێ هیچ بکەی؟ سادق بێ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەی بداتەوە، چووبۆوە لای سفرەکە و وای نیشاندابوو کە خەریکی کۆکردنەوەی سفرەکەیە.