پێشان، لە ئێستا و بۆ داهاتوو
ھیبە فەیسەڵ/ نووسەر
گرنگ نییە لە دیدەی ئەوان تۆ چیت! کاتێک تۆ تاکە ڕۆستەمی گلێنە و گریشمەی دڵی دەغەزاری منی. جانی جانان، بەردی پیرۆزەی ئەنگوستیلەکان تەنها لە پەنجەی تۆدا سەنگینە.
ئێستایش بە تەنها تاڵێک لە خەیاڵی بوونت، سەرانسەری دونیا دەبێتە هەسارەیەک لە جوانی. هەست بە هێوەرترین ترپەی دڵ و خشەی مێرووەکان دەکەم. هەناسەی خۆم دەگرم و سڵ لە مردن ناکەمەوە. تارمایی گریانی دوێنێ و زۆرانبازی دووکەڵی سبەی نامبەزێنێ. شانم لە خەم و ئەرکی ئەم ژیانە سووک دەبێ. ئاڵنگاریم لەگەڵ ژیان، دژایەتی یان دەستەمۆکردنی دوژمنێک نییە. بەڵکوو مەشقێکی بەردەوامە بۆ کارامە بوون لە مامەڵەکردنیدا.
تاکە خەمخۆری من، نازانم ئێستا لەدەورت چ باسە، بەڵام لە گچکەترین ساتی دوودڵی, بێ ورەیی و کشانەوە، تۆ بەردەوام چرپەیەکی ئەرێنی و ئامێزێکی ئارامی، تێیدا خەونە ساواکانم دێتە بەرهەم. دەستێکی نەترس و بزێوی منی بۆ تابوەکان. لە گەرمەی ئەم غەڵبەغەڵب و بێ سەروبەرییەدا، لە ئاست نەفسە گرگن و چڵێسەکاندا، زمانم قنج و پاراو ، نینۆکەکانم ژنێتییەکی مەردی لێدەبارێ.
من تێنەگەیشتوم لە ترسی مرۆڤ و هۆگربوون. مەگەر نازانن مرۆڤ تەنها هۆگری ئەو بوونانە دەبێت کە هەستی جێگربوون و گەڕانەوەیان تێدا پڕدەکاتەوە. لە سەهۆڵبەنداندا پشتیان بە سینەی پڕ لێبوردەیی ئەوان گەرمە. ئارام و پارێزراون لە نووکە چلورەی گوێسەبانێک.
خلە گیان، بوونی تۆیش، بوونی من بە ماناتر دەکات. باوەڕێکی ڕاستەقینە بە گرنگی پەیوەندییەکان دووپات دەکاتەوە. گەورەیی ئەو ڕاستییەیە کە مانای بەردەوامی من و بازنگەی سروشت بەیەک ئاشنا دەکات.
بەندی جەرگم، تۆ نازانی لە پاش تۆیش هێشتا چاوەکانم لە بری فرمێسک، میهرەبانیان لێ دەڕژێ. گۆنام بۆتە قەڵغان و لاتریسکە لە کڕنووەکان دەگرێ.
ئەوە دیدەی منە کە ڕەنگەکان بە بێگەردی خۆیان دەبینێ. بێ سنوور تێکەڵیان دەکات. تاوێک ئەیان پرژێنێت، تاوێکی دی بە حیکمەت و ئەسپایی لەسەر جەستەم دەیان نەخشێنێ. قەشەنگترین تابلۆی خۆم و خۆتی لێ دروست دەکات.
لێمگەڕێ لایەق بە باڵ و بەخشینی تۆ، تێر بە دڵی پڕ لە سوێم وەسفت بکەم. ئەوە منم دەستم لە شەرم و گیری هەڵگرتوە. هەموو هەلێک دەقۆزمەوە تا رۆژانە ناومان نەک بۆ جارێ، بەڵکو ١٠٠١ جار بە ئاشکرا بڵێمەوە.
ئای چەند شادم بەو ئازایەتییەی تەنها لە بەرانبەر عشقی تۆدا، بەردەوام کڵپە دەکات. قایل نابم ئێمەیش بچینە ڕیزی ئەو مرۆڤانەی هەتا سەرئەنێنەوە مەخابن و پەشیمانی وەک ئەسپێ لە ناخیاندا گەرا دادەنێت. ئەوانەی بودەڵە و دوودڵن لە ئاست درکاندنی ئەو بەختەوەرییەی لە چرکە جیاواز و کورتەکانی ژیاندا بە یەکتری دەبەخشن. تۆ بڵێی لەو ڕۆژە بترسن کە گەمژانە لۆمەی لە لێدانی قاپێیەکیان دەکرێت و خۆشەویستیان دەدرێتەوە بە ڕوودا؟.
دەی لەوان گەڕێ جەرگم، با بێینەوە سەر خوانی خۆمان. من نەمزانی چۆن لە حزووری ئێوەدا چاوەکان دەبوونە هەڵم و دەنگەکان بە هەر دوو دەست دەمی خۆیان دەدووریەوە. دوور نییە کات لە ژوانی من و تۆدا دەستەوسان وەستا بێ و ئەوقی تێکەڵ بوونی من و تۆ بوو بێ. مەگەر حزووری کەڵەگەتی تۆ سەمایەک بوو هێشتا لە هیچ هەسارەیەک نەدۆزرابۆوە. هەنگاوەکانی تەنها لە سەر نیگای خۆم و خۆت کێشرابوو. تاکت و تۆنی خەندەیەکی دەگمەن و ڕاستەقینە بوو کە هەردەم خەیاڵی بێ سنووری من و یادی تۆ مژدەبەخش و زیندوو دەهێڵێتەوە.
#جەرگوجگەر
#💜
#ژیان
#تۆ
#زیندوو