« من ئەمشەو بوم بە ژنی ئاسمان »
چرا چۆڵی/ شاعیر/ بەریتانیە
ئەمشەو زۆر سەیر تێپەڕی
بێ تۆ سەرێکمدا لە ئەستێرەو
پێتناخۆش نەبێ، لاپاڵی لێوی مانگیشم ماچکرد
سەمام کرد، سەمایەک بۆ خودا، بۆ شەو،بۆ تەنیایم،
پێتناخۆش نەبێت، من ئەم شەو عاشق بوم
عاشقی تریفەەی مانگ، مانگی روناکی دز،
پێتناخۆش نەبێت
شەھوەتێکی ئاسمان زادە ختوکەی دام
دوو دەستی نەرمی گەرمی گەردون
شانەکانم و، نەرمایی گوێچکەمیان دەشێلا
ڕۆحم چوە ئەم گەشتەو،
جەستە ھیلاکەکەم لەم وشکەڵانە جێھێڵا
پێتناخۆش نەبێت،ئەمشەو لەگەل کەون ئاوێزان بوم
جارێک ئاسمانی ساماڵ ماچی کردم
جارێک باران تەری کردم
جارێک ڤینۆس ھەلیگڵۆفیم
جارێک لەگەل ئەستێرەیەکی کلکدار گەیشتمە ترۆپکـ
جارێک نەیزەکێکی ئاگرگرتو بەسەرمندا ساردبویەوە
جارێک و جارێک و جارێکی تریش لەگەل گەورە و بچوکی گەردون دەستلە ملان بوم
پێت ناخۆش نەبێت
من ئەمشەو ھی خۆم نەبوم، تۆشم بیرچوبویەوە
ئاخر کە ڕۆشتی بیرتچو دەگاکە دابخەی
نەتزانیبو ئەمشەو ئاسمان نیازی ژوانی ھەیە لەگەل من
نەتزانیبو ئەمشەو بۆلای ئەستێرە کشاوەکان دەکشێم
نەتزانی بو ڕۆحی نەسرەوتم دەچێتە خەلوەتەوە
بێ ئاگابوی ئەمشەو ھەسارەکان پێکدادەدەن
کێبرکێ دەکەن تاکامیان زوتر بەکەوێتە تونێلە نادیارەکەی من و پشوووووو بدااااات
نا نەتزانی بو، ئەمشەو بێزاردەبم لە بێ مەیلیت و
یاخی دەبم
یاخی لە وشە بەرد ئاساکانت، یاخی لە دەرگە داخراوەکان
یاخی لە نەریت لە یاسا
لە وشەی « نەکەی ، نەچی، حەرامە ، عەیبە »
یاخی دەبم لە کتێبەکان، لە دادگا بێ رەحمەکان
لە ھەموی خۆشتر، یاخی بوم لە کچبونم
لەگەورەبونم،لە قەریرە بونم، لە بێوەژن بونم
من ئەمشەو بوم بە خۆم
بوم بە کچی باران و رەشەباو بەفر
ھەڵگەڕامەوە لە دەشت و،دۆل و، چیاکان
بوم بە گەریدەی تەبەقەکانی ئاسمان
بوکی ھەسارەو، مانگ و، کونە رەشەکان،
ئەمشەو خۆم دایە دەست ئەسل و ئەساسی قەدەر
باکم نەبو وەک کیژۆلەیەکی یاخی بکرێمە دەر
قەدەری من سەربوردەیەکی تاڵی ھەیە
چیرۆکێکی ژنانە، بەدرێژایی ئەم چیرۆکە من ھەم
تۆ تیایدا راستی نەبوی، تەم بوی تەم