فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دڵم بە داوی ئەفسانەیەکەوە هەڵواسیوە

دڵم بە داوی ئەفسانەیەکەوە هەڵواسیوە
شێخە ڕەسوڵ/ شاعیر /  ڕانیە

دەمارم ژێی گیتارێکی گەنجە
ئاوازێک دەیژەنێ بۆنی ڕیحانە لە دەمی دێ
بێ ئارامم
وەک پلوسکی خوێنی هەرزەکاریم
وەک ڕاپسکانی مامزێکی ڕەتاو
بەدیار غەمزەی چاوی مردنەوە

من پاڵەوانی نێو حیکایەتێکی قەڵسم
ڕەنگە کۆتاییەکەم برین بێ
ڕەنگە فڕین

*********””

شەوێک هەر خۆم بووم و تارمایی تۆ
گۆرانییەک دەیگوتم بۆنی ترسی لێ دەهات
پێم دەگوتی تۆ سەیرکە
لەسەردەمێکدا خۆشمویستی
لێو لە ماچ دەترسێ و دەست لە گرتن
بەدکار لەنێو توێی هەناسەماندا
لە لۆچی وردی دەستکێشەکانماندا سەنگەری گرتووە
لە ڕۆژێکدا خۆشمویستی
دەمامک بەنوێژی نیوەڕۆ ونت دەکا لێم
پۆلیس بە منەتەوە دەرگای ئێواران لە پیاسە دادەخا

پێم دەگوتی ئەگەر ڕۆژێک من و تۆ کراین بە گۆرانی
حەزدەکەیت ناوی چی بێ؟
دەتگوت “پەتا”

***********”**

شەوێکی مەست
کە سەرخۆشیم پەتی ئومێدی تۆی پساند
خۆمم لێ ببوو بە شاعیر
نووسیبووم:
“بەبیرت دێمەوە
شەوێک وەک نەفسی منداڵێکی برسی
لە گەردنی خەونێکت دەئاڵێم
ئێوارەیەک وەک لێواری گەرمی تاوەیەک
پەنجەی غرورت داخ دەکەم
بەبیرت دێمەوە
ڕۆژێک دێمەوە نێو غەڵبەغەڵبی ئاوازە حەزینەکانت
ڕۆژێک لەناکاو وەک غەریبێکی تەڵخ
لەپشت ڕەونەقی سێڵفییەکی تۆدا دەردەکەوم
پێم دەڵێی ئەوە تۆی ماڵیترین مەراقی من؟ ئەوە تۆی؟”

دەمگوت ئەگەر ڕۆژێک من و تۆ کراین بە حیکایەت
پێت خۆشە چۆن کۆتایی بێ؟
دەتگوت با پێکەکەت بڕژێ

************

شەوێک پیرە پیاوێکی شیکی کوێر بووم
سەگێک پەتەکەی ملی کردبووە دەستم و ڕایدەکێشام
گەردوون سەرخۆش بوو و زەوی لەژێر پێمدا ڕادەژا
دەستێکم بە پەتی سەگەکەمەوە و
دەستێکم بەسەر ناوچاوانمەوە
کەچی دەمزانی تۆ لە کامە لای
لەنێو دنیای تاریکی مندا تۆ تروسکایی بووی
تروسکاییەکی سرکی دوور
دەمزانی پڕ بە حەسرەتی دڵم لێت بڕوانم دەکوژێیتەوە
ئاههـ

بەخۆمم دەگوت
من پاڵەوانی نێو حیکایەتێکی چەند چۆڵم!
ڕەنگە عەشق هەر ئەوە بێ:
– کوێرە چیت دەوێ؟
+ ئەستێرەیەک و هیچی تر

***********

لە سوپەرمارکێتێکی داخراودا
کە لەژێر ناندا نووسرابوو: “ناسنامەکەت یان کەرامەتت”
من لەبرسا خەوم لێکەوتبوو
لەخەونمدا چڵێک گەنم بوویت
ژیان بەسەر لاسکی تۆوە شەونم بوو
بۆنت بۆنی گەرمی نان و
ڕەنگت ڕەنگی سەوزی ئەوین

لێت دەپرسیم ئەگەر خەبەرت بووەوە
حەزدەکەیت لەکوێ بیت؟
دەمگوت هیچ کوێ
خەونێکی تر و خەونێکی تر

*************

بە موعجیزەی ئەو شەوە سەرخۆشانەوە خووم گرتووە
کە دنیای من مەدالیا بوو لە لەپی دەستتدا
بزەیەکت دەیکردم بە شەوبۆ
مۆڕەیەکت دەیخستمە سەر پشکۆ
بەدیار ڕۆژگاری بێتاقەتمەوە گۆرانیم دەگوت
بەتەنیشت هەرێزی سووتاوی تەمەنمەوە پێدەکەنیم
پێم دەگوتی هەتا تاریکی بۆنی پرچت بێ من شنەم

ئەو شەوەم کسکەی چاوی پشیلەیەکی ڕەشە
کە بۆم نووسییت:
تۆ لەناکاو خەوت دێت و
من خۆمم لێ بزر دەبێ
پێڵووی چاوت پەردەی شانۆی ئەم ڕۆژە غەمگینانەمە

*********”””””

من پاڵەوانی نێو حیکایەتێکی کوێرم
ئەو ئێوارانەی پیاسەم دەچێتە سەر شەقامێکی دڵتەنگ
ئەو شەوانەی خەیاڵم دەبێتە شارێکی چۆڵ و تاریک
بەدیار ئەستێرەیەکی دوورەوە خۆمم لێ دەبێ بە شاعیر
تۆ سنەوبەرێکی کەڵەگەتی
لە حەوشەی تەنگەبەری شیعری مندا جریوە دەگری
گوڵەبەڕۆژەی سەوزی ئومێدی
لەم ساڵی برسێتییەی مندا دەنکت پڕە لە ژیان

ئەو بەیانییانەم خۆشدەوێن
کە پێم دەڵێی وا شار خەبەری دەبێتەوە
تۆ کەی دەنووی؟
دڵ دەستەمۆی ئەو پرسیارە سادانەیە:
“Xariki chi?”
هەر بەفۆنتی بێتاقەتی دوێنێ شەوێ:
“دانیشتووم، بیری تۆ دەکەم.”