تەمەنم ئەوەندە بێهیزە
دانە دانە تاڵەکانی دەوەرێ
دەسکۆ خەسرەو/ شاعیر / ھەولێر
بێتاقەتیم خستە زەرفی نامەیەکەوە
هیچ پۆستەچییەک لێی وەرنەگرتم
ئۆکسجینی ئەم شارە بە ڕادەیەک پیسە
بە کەڵکی هەڵمژین نەماوە
خەونەکانم پاروێکی سوێرن
لە زار بەربوونەوە ، نەکەوتنە هیچ کۆشێکەوە
پەپولەی ئەم مەملەکەتە ڕقی لە گوڵە
شەویش لە هیچ پرچێکی ڕەش ناچێ
شیعری ماندووم لەسەر سکی تێردا نییە
پاوانی سەرم دەسووتێ
یادگاریەکانی ناوەوە فوو لە ئاگر دەکەن
گوڵی سەر گیرفانم
بە هیچ بەهارێک ئاشنا نییە
حوکمی ئەم دڵە ڕاوکێیەم
لە قوتووی هیچ عەتارێکدا نییە
کەشتی سەرم ئەوەندە بێ ئۆقرەیە
لە هیچ کەنارێک لەنگەر ناگرێ
ڕێبوارێکی سەرلێشێواوم
لەم بیابانە
ڕۆژەکانم تووشی هیچ سەرابێک نابن
مەقاشیش هەبوو ، کەچی
هەستەکانم دەستی خۆیان سوتاند
گەنجیم لەقلەقی سەر منارەی تەمەن بوو
تەقەیان لێکرد
هەرگیز لەم ناوە نەبینراوە
یەک جار بەهەڵە بزمەم هاتێ
سێ ڕۆژە سوجدەی سەهو دەبەم
ئاوی ئەم کانیانە لیخنە
مەنهۆلەکان سەرقەپاغیان دزراوە
چاوەڕوانیم لە کەلێنی پەنجەکان ڕژا
خەونی بچوکیش نیشانەی نەپێکانە
تەواوی ڕۆژەکانی هەفتەم مەست و خومارن
چوارشەم پێش یەکشەم دێ
شەممە لە خەو جێدەمێنێ
سێشەمەشم ساڵێکە نەدیوە
پێم وابێ شێرپەنجەیەتی
ئەم ماوە دەستی شیعرم دەشکێ و
کەس ناڵێ ملم لە موو باریکترە
رۆژەکان بە هەتیوی گەورە کراون
دڵنەواییم لەجێ چووە
تەنانەت خواریش نایێتەوە جێ
تەنهایی هاوڕێی هەرە نزیکم
زەینی نەماوە
مودەتێکە نامناسێتەوە
بەهار نانی بەسەر سێرەوە سوتاوە
لە ڕۆژێک زیاتر نامێنێتەوە
باڵندە کۆچەرییەکان
کۆچی پێچەوانەیان دەست پێکردووە
ئەم ڕۆژانە
زوو زوو دەیکا بە کڕێوە و
کەچی من
مەیلم بۆ هیچ بەفرێک نەماوە .