سەرپۆشی سرکەیی جیاواز لەڕۆژەکانی تر….
دێرين جەمال / چيرۆکنووس/ سلێمانی
سەرقاڵ ڕێکخستنەوەو ڕازاندنەوەی ماڵەکەم بووم، ڕۆژی دواتر یەکەم ڕۆژی جەژن بوو، زەنگی مۆبایلەکەم لێیدا، کاتێک وەڵامم دایەوە هاوپیشەکەم بوو، پێی وتم بەیانی جیاواز لەجەژنەکانی تر جەژن بەڕێ دەکەین، دەڕۆینە خەڵوەتگای پیری و لەگەڵ کەسە بەتەمەنەکان و بێلانەکان و کارمەندانی خەڵوەتگا جەژن دەکەین، پاشان کەسەکانی ئەوێ بۆ تەلەفزيۆن دەدوێنين، ئەوەی نامۆ بوو بێ دوودڵی داواکەی هاوپیشەکەم قبووڵ کرد، وەک ئەوەی کەسێک لەناخمەوە بانگم بکات.. بۆ بەیانی زوو لەخەو هەستام لەگەڵ نوێژی بەيانی وئەڵڵاهوئەکبەری مزگەوتەکان و ئامادەکردنینانی بەیانی بۆ خێزانەکەم، لەگەڵ هاوپیشەکەمدا بەڕێکەوتم بۆ خەڵوەتگای پیری، کە چووينە شوێنی مەبەست کەلوپەلی ڕۆژنامەوانیيەکەنمان لەگەڵ خۆماندا بردە ژوورەوە، لە کاتی چوونە ژوورەوەمان خانمێکی کەمێک بە تەمەن لەبەردەم دەرگاکە ڕاوەستا بوو پێی گوتين: چاوەڕێی دەکەم ! هەرنەهات، پێم وت: چاوەڕێی کێ دەکەیت؟! لەولاوە کەسێکی تر وەڵامی دامەوە، ديار بوو ئەو کەسە کارمەندی ئەوێ بوو، وتی: وازی لێبێنە ئەم ڕستەیە هەمیشە دەڵێتەوە. کارمەندەکە فەرمووی لێکردین چووینە ژوورەوە، خوانێکی جوان ئامادەکرا بوو، ئەوانەی لەو خەڵوەتگا دەژیان هەموو لەسەر کورسی دانیشت بوون خوانەکەیان لەبەردەم دانرا بوو، هەندێکیان پێدەکەنین، هەندێکیان دەگریان، کە لە سيمایانم دەمڕوانی هەریەکێکیان لەڕووخساریاندا دونیایەک لەخەم بوون، لەناویاندا پیاوێک هەبوو ئەو نە دەگریا نە پێدەکەنی ئەو تەنها چاوەکانی لێڵ ببوو وەک ئەوەی خەمێکی قووڵ بەرچاوەکانی گرت بێت،..هەمووان بەیەکەوە دەسمان کرد بەنانخواردن و دواييش جەژنە پیرۆزە کردن لە يەک، مایکەکەم هەڵگرتوو کەوتمە پرسیار کردن لێیان هەریەکەیان بەجۆرێک گوزارشتی کرد، لەو ڕۆژە،سەرنجم چووە سەر پیاوە بەتەمەنەکە، تەنها دیقەتی ئەو خاتونەی دەدا کەیەکەمجار بینم لەبەردەم دەرگای خەڵوەتگەکە وەستا بوو، هەمیشە ئەو دێڕەی دەوتەوە :چاوەڕێی دەکەم ..هەرنەهات..چوومە پێشەوە پێم وت: مامە گیان جەژنت پیرۆز بێت، بەماتیييەکەوە سەیری کردم وتی: جەژن بەمن چی!؟ ئەو جەژنەی من چاوەڕێی بووم هەرنەهات!!.. کاتێک گوێم لە وشەکانی بوو، زانیم چیرۆکێک هەیە لە چاوە لێڵەکانیدا،بێ بیرکردنەوە وتم: مامە گیان پێدەچێت تۆ چرۆکێک لەژیاندا ڕوویدا بێت، ئەگەر لات ناخۆش نیيە حەزدەکەم گوێ بیستی ئەو چیرۆکەی ژیانت بم،..دەمەوێت بزانم ژیان تۆی بۆ بەم ڕۆژە گەیشت، ئەم خەڵوەتگایە بۆ بوو بە پەناگەی تۆ؟! دەستی گرت بەگۆچانەکەیەوە هەڵسایە سەر پێ وتی: وەرە لەگەڵم بۆ ژوورەکەم، من و کامێرەمانەکەم لەگەڵیدا ڕۆیشتین، کاتێک تەماشای ناو ژوورەکەيم کرد، سێ سیسەمی خەوتنی لێ بوو لە تەنیش هەر سیسەمێکیان دۆڵابێکی بچوک هەبوو، کابرای بە ساڵا چوو دەستی برد دەرگایی یەکێک لەدۆڵابەکانی کردەوە وتی: ئێمە لەم ژوورەدا سێ هاوڕێین هەریەکێکمان دۆڵابێکمان هەیە، بۆ شتە تایبەتييەکانمان، وەک جلوبەرگ ،ڕادوێ،وێنە، تەزبیح،دەرمان، یان پاکەتی جگەرە و چەرخ، هەرشتێک لامان تایبەت بوو بێت و لە گەڵ خۆماندا هێنابێتمان، من لەم دۆڵابە بچوکەدا شتێکم هەڵگرتووە، ئەگەر ڕۆژی چەند جارێک نەیگرم بەدەستمەوە تێر تەماشای نەکەم، و بۆنی نەکەم ناتوانم هەناسە بدەم، بەدەستەکانی سەرپۆشێکی لەدۆڵابەکەدا دەرهێنا، کاتێک بینیم وتم ئەمە چیيە؟! خۆ ئەمە تەنها سەرپۆشێکە، بە تووڕەیيەکەوە سەیری کردم بەدڵێکی پڕەوە وتی: نەخێر تەنها سەرپۆشێک نیيە، ئەمە چیرۆکێکی تاڵی هەیە. وتم : مامە گیان، چۆن؟ دەتوانیت چیرۆکەکەیم بۆ بگێڕيتەوە؟ هەناسەیەکی ساردی بەڕوومدادا و وتی باشە بۆت دەگێڕمەوە. مایکەکەم بەدەستمەوەگرت و لەبەردەمیدا ڕامگرت وتم: مامە گیان دەتوانم بپرسم ناوت چیيە؟ ..یەکسەر وەڵامی دامەوە وتی : ناوم عەزیزە..دووبارە پرسیارم لێکردەوە وتم: تۆ سەرپۆشێکت نيشان دام وتت چرۆکێکی تاڵی هەیە، دەکرێ ئەو چیرۆکەی خۆتمان بۆ باس بکەیت ئێمە و بینەرانیش گوێ بیستی دەبین. مام عەزیز دەستی کرد بەگێڕانەوەی چیرۆکەکە و وتی: پێنج دەیە پێش ئێستا لاوێکی جوان و چاپوک بووم، خوێندکارێکی زیرک بووم، تەنها منداڵی خێزانەکەم بووم، ئێمە لە گوند دەژیاين بەڵام بە هۆکاری زیرەکی و دووریمان لە ناوەندی خوێندن و کۆلێژ باوکم بە ناچاری بڕیاری دا گوند جێ بهێڵین و بێین بۆ ناو شار نیشتەجێ بین، کاتێک هاتینە شار ژیانێکی ئاسایمان بەڕێ دەکرد هەموو ساڵێک کۆنمرەی بەرزم دەهێنا، لە کاتی پشووەکانمدا لە گەڵ دایک و باوکم سەردانی گوندەکەمان دەکردەوە، لە گەڵ ماڵی پورەکانم و مامم کاتێکی خۆشمان بەسەردەبرد، لە ڕۆژێکی پشوودا کاتێک کە گەڕاینەوە، چوم سەردانی ماڵی مامم کرد، بەڵام جیاواز لەجارەکانی دی، کە لەدەرگا چوومە ژوورەوە خاتونێکم بينی، هێندە جوان بوو وام هەست کرد فریشتەم دی بێت، بە زمان ناتوانم وەسفی جوانی ئەو خاتوونە بکەم، حەپەسا بووم بە دەنگی ئامۆژنم وشیار بوومەوە، بەدەنگێکی بەرز، وتی: عەزیز گیان بەخێر بێیتەوە ئەوە بۆ وەک دارێک چەقيویت بەو زەوييەوە بۆ نایەيتە ژوورەوە دەڵێی شەرم دەکەیت، وەرە ژوورەوە ئەو خاتوونەيش وەک کچی ئەم ماڵە وایە هاوڕێی پرشنگی کچمە ئەوانیش تازە هاتوونەتە ئەم گوندە. ئامۆژنم ڕاستی دەکرد وەک دارێکی پایزم لێهات جوانی ئەو کیژە گەڵاکانی وەراندم، بەخەندەیەکی گاڵتە ئامێزەوە بەئامۆژنم گوت: نا ئامۆژن گیان بۆچی شەرم بکەم ؟! . پرشنگی ئامۆزام وتی: کاکە عەزیز ئەمە شەونمی هاوڕێمە ئێمە وەک دەستە خوشک واین، سڵاوم لەکیژەکە کرد و لەو ساتەدا هەستم بەدڵم کرد ئیتر پرس بە من ناکات و وێڵ بووە و بەدوای ئەوینی خۆیدا دەڕوا، ئەو ماوەیە هەر لە ماڵی مامم مامەوە، زوو زوو شەونم دەهات لەگەڵ پرشنگدا دەچوون بۆسەر کانی، ڕۆژێک پرشنگی ئامۆزام بانگ کرد و ئەوەی دڵم هەستی پێ دەکات بە شەونمی بڵێت، بەیانی بوو هێشتا تیشکی خۆر کاتەکانی لەگەڵ شەونمی بەرە بەیان نەگۆڕی بۆوە پرشنگی ئامۆزام بانگی کردم، کاکە عەزیز دەچم بەڕە دەبەم لەسەرکانی دەیشۆرم، دەتوانیت یارمەتم بدەیت، لە هەڵگرتنی بەڕەکە، هەر چەندە هێشتا چاوەکانم باش نەکرابوونەوە، هەر کە باسی سەرکانی کرد وەک ڕەشەبا گەیشتمە بەردەمی پرشنگ، وتم :ئامۆزا گیان کوانێ بەڕە ئەیدەم بەشانمدا تاسەرکانی بۆت دەبەم، بەیانیيەکی جیاواز سروشت ئاوازی خۆی دەژەنی بۆنی گوڵ و گیاو درەختەکان وەک میسک و عەنبەر پەخش ببوون، بۆنی دووکەڵی دار لە گەڵ کولێرەی برژاو مەستی دەکردین، بەیانيیەکی هێندە جوان بوو تالوتکە ئاسودە بووم کاتێک گەیشتینە سەرکانیيەکە تەماشام کرد، شەونم لەوێیە پرشنگی ئامۆزا وتی: ئەوە شەونمە هەرچیيەکتان هەیە بە یەکتری بیڵێن، سەرەتا هەردوو بەشەرمەوە دەدواين، هءدی هێدی ڕوومان کرايەوە، تووێژمان گەرم بوو، ئەوەی سەیر بوو لای من، ئەویش هەمان هەستی بۆمن هەبوو، ڕۆژەکان تێپەڕین منیش پشووەکەم تەواو بوو لەخەمی ئەوەدابووم چۆن شەونم بەجێ بهێڵم بیرۆکەیەکم بۆ هات داوام لەمامم کرد بەیانی من ئاژەڵەکان دەبەم بۆ لەوەڕاندن مامم دڵی نەشکاندم وتی باشە بەس لەگوند زۆر دوور نەکەویتەوە، بەیانی زوو هێشتا خۆر هەڵ نەهات بوو ئاژەڵەکانم برد بەرەو دەشتاییەک ئاگرێکم کردەوە وەک ئەو ئاگرەی لەناخمدا بۆ شەونم داگیرسابوو، هێواش هێواش خۆرهەڵ دەهات سەرنجم دا خۆری من خەریکە هەڵ دێت بینم شەونم و پرشنگ بەرەو ڕووی من دێن، کاتێک گەیشتنە لام بە پێکەنینەوە وتیان ئەم بەیانیيە لە بەر تۆ کاری گرانمان ئەنجامدا، بە بیانوی پاکردنەوەی ئاخووڕی ئاژەڵەکان توانیمان بێين بۆلای تۆ، شەونم بە دەنگێکی کزەوە وتی: بەیانی دەڕۆیتەوە بۆشار، وتم: ڕاستە بەیانی دەڕۆمەوە بۆ شار بەڵام دەمەوێت پێش ئەوەی بڕۆمەوە تۆ نیشان بکەم، دەترسم تۆم لێ بەرن، شەونم بە بیستنی ئەم قسەیە تووڕە بوو وتی: ئەوە تۆ دەڵێی چی؟! من بۆ تۆ یان بۆ گڵم … چاوە کاڵەکانی فرمێسکی تیا قەتیس ببوو ڕوومەتەکانی سوور هەڵگەڕان پەرچەمە ئاڵۆزەکەی بەدەستەکانی کردەوە، ژێر سەرپۆشەکەی سەری بەدوولێوە بە خەم تەزیوەکەی وتی: بەڵام نیشانەکردن هەروا ئاسان نيیە، تۆ بەیانی دەڕۆیتەوە بۆ شار هێشتا خوێندنت ماوە تەواوی بکەیت، ئەوەی تۆ دەیلێی بۆ ئێستا مەحاڵە!! کاتێک گوێبیستی قسەکانی بووم دامە قاقای پێکەنین، وتم : خۆ من نیشانەکردنێکی جیاوازم وت، تۆ تێنەگەیشتی، ڕووم کردە پرشنگ ئامۆزام و پێم وت: شیرەکەت بۆ هێناوم کاتێک شیرەکەی پێدام بەشەونمم وت: دەست بێنە بانەخشێکی لەسەرداکوتم، وەلێ پێویستم بەدەرزیەکە بە پەنجە شمشاڵیيەکانی دەرزيیەکی لە ئێخەی کردەوە وتی ئەوە دەرزی، لەسووتووی ئاگرەکەم کردە سەر دەستی پاشان شيری ئاژەڵەکە و دواتر بەدەرزی نەخشی مانگێکم لەسەر دەستی نەخشاند، دواتر بە هەمان شێوە وێنەی خۆرێکم لەسەر دەستی خۆم نەخشاند، پێم وت: ئێستا تۆ ئەو مانگەیت منیش خۆر هەمیشە لەدەوورت دەبم، هیچ کات نایەڵم لەچاوانم ون بیت، بەس پێم بڵێ ئەم جارە کە لە شار هاتمەوە، حەزت لەچيیە بۆت بێنم ، بە زەردەخەنەیەکەوە وتی: هاتنەوەی خۆت بۆ من خۆی دیاریيە، بەڵام تۆ پێت خۆشە دیاریيەک بۆمن بێنیت سەرپۆشێکی سرکەیم بۆبێنە، لەسەر کانیيەکە لێت وەردەگرم،..پێم خۆش بوو ئەگەر بمتوانیبا کاتم دەوەستان، تا لەو ساتەدا ماڵئاوایی نەکەین لەیەک بە ناچاری ماڵ ئاوایمان لەیەکتر کرد، کاتێک دەگەڕاینەوە بۆ شار لە ڕێگە باوکم پێی وتم: ڕوومەتەکانت ئاڵ بووە دیارە ئەمجارە گوندت لا خۆش بوو،..وتم : باوکە گیان بەڵێن بێت هەر بڕوانامەکەم وەرگرت، بۆ گوندەکەمان دەگەڕێمەوە و خزمەتی خەڵکەی دەکەم، دەبم بەپزیشکێک لەگوندەکانی چواردەوریشیەوە بێن چارە سەریان بۆبکەم، کۆتایی ساڵ هات و بڕوانامەکەم بەدەست هێنا، لەگەڵ دایک و باکم بڕیارماندا بۆ گوندەکەمان بگەڕێەنەوە، لەوێ ژیانێکی نوێ دەست پێبکەینەوە، دایکم دەستی کرد بە ئامادەکاری کۆکردنەوەی کەلوپەلی ناو ماڵ، منیش بەدڵخۆشيیەوە بەرەو بازاڕ ڕۆيشتم تا سەرپۆشێکی سرکەیی بۆ شەونم بکڕم، وەک بەڵێنم پێدا بوو بەدیاری بۆی بەرم، بە ناو بازاڕدا دەگەاڕم دوکان بەدوکان دەتوت لە سەر شەپۆلی دەریا بەم لا و ئەولادا دەمبات دواجار لەنێو دوکانێکدا سەرپۆشێکی سرکەیم دۆزیيەوە بێ پرسیار کردن لەنرخەکەی یەکسەر بەخاوەن دوکانەکەم، وت : ئەو سەرپۆشەم بۆبکەرە زەرفێکەوە، کاتێک خاوەن دوکانە سەرپۆشەکەی پێدام، خەریک بوو پارەکەم پێ ئەدا لاوێک هاتە ناو دوکانەکەوە، چرپەیەکی کرد بەگوێی خاوەن دوکانەکەدا کابرای خاوەن دوکان شێوەی پەشۆکا بە خێرایی لەدوکانەکە چووە دەرەوە، منیش بە لاوەکەم وت: خۆ هیچی خراپ ڕووی نەداوە ؟! ..پێویستان بەهاوکاری هەیە!؟.لاوەکە دەتگوت کارەبا لێی داوە وشک وەستا بوو، دووبارە هاوارم کرد، کاکە ئەوە هیچ ڕوویداوە،،لاوەکە بەترسەوە بە هێمنی وتی ئاگات لەچيیە، بەڵێ ڕوویداوە، بەڵام هێمن بە دەنگت بڵند مەکە دەمان گرن، دەڵێن حوکمەتی بەعس گوندەکانی ئەنفال کردووە، هەر کە گوێ بیستی ئەم وشانە بووم ئیتر هۆشم لای خۆم نەما، کاتێک چاوەکانم کردەوە سێ چوار کەس لە دەوورم بوون، ئاویان دەپرژاند بەڕووما، بە وێنەی دێوانە هەڵسامە سەر پێ و سەرپۆشەکەم لەئامێز گرت و بەڕێکەوتم بەرەو ماڵەوە. کاتێک دەرگاری ماڵەوەم کردەوە چوومە ژوورەوە دایکم دەگریا و دەیکێشا بەخۆیدا بەدەستەکانی پڕچنگی قژی لەسەری کردبۆوە، باوکم هێز لە قاچەکانیدا نەمابوو، قاچەکان لەسەر زەويیەکە ڕاکێشا بوو هەر دەیگوت ماڵمان وێران بوو، بێکەس ماینەوە، ئەو دیمەنەی هەرگیز لەچاوم ون نابێت بەهارمان بوو بەپایز، بەڵام ژیان هەر بەردەوام بوو، مانگەکان هاتن و ساڵەکان ڕۆیشتن، لە دوو ساڵدا دایک و باوکم لەدەست دا ئەوان بەرگەی ئەو زامە قووڵەیان نەگرت، بە ئازاری لە دەستدانی ئازیزانیان ژیان ئاواییان کرد، ئیتر خەمەکەی من زیاتر بوو بە تەنها لەگەڵ خەون و خەیاڵەکانمدا مابوومەوە، هەر چەندە خۆم چارەسەری نەخۆشم دەکرد، بەڵام نەم دەتوانی چارەسەری ناخی خۆم بکەم، هەمیشە وابیرم دەکردەوە هیوایەکم هەبوو ئەو مانگەی لە دەستی شەونمدا نەخشاندم لەتاریکی ڕۆژگاردا بەخۆری هیوا هەڵدێت،..ڕۆژێک هاوڕێیيەکم سەردانی کردم پێی وتم: دکتۆر چالاکيیەکمان ڕێک خستووە پێم خۆشە تۆيش لەو چالاکيیەدا بەشداربیت، چالاکیيەکەمانيش دەچین بۆ خەڵوەتگا پیری، لەنزیکەوە لە تەندروستی ئەو کەسانە دڵنیا بین کە لەو خەڵوەتگایەدا دەژین، من دڵخۆش بووم بە پێشنیارەکەی دوای دوو ڕۆژ دەستمان کرد بەچالاکيیەکەمان، ئێمە تیمێک بووین هەر یەکێکمان پسپۆری نەخۆشيیەک بووین، یەک یەک ئەو کەسانەمان دەپشکنی تا لە تەندروستیان دڵنیا بین، یەکێک لەو کەسانە هاتە بەردەمم خاتوونێک بوو چاودێری خەڵوەتگاکە پێی وتم: ئەمە زۆر هۆشی لای خۆی نيیە هەندێ جار وشەی سەیردەڵێت، ئەو نازانێت ئێستا تەمەنی چەندە تەنانەت ناوی خۆيشی لەبیرکردووە، منیش وەک ئەو کەسانەی تر لە تەندروستی دڵنیا ببمەوە قۆڵیم هەڵ کرد تا لە پەستانی خوێنی دڵنیا ببمەوە بزانم پەستانی خوێنی بەرزە یا نزمە یان ئاساییە، بەڵام ئەوە بۆ من ئاساییە نەبوو دەستم کرد بەگریانێک گریانێک کەدایک و باوکم لەدەستدا بەشێوەی وا نە گریا بووم، هەموو ئەوانەی لەدەوورم بوون حەپەسا بوون سەریان دەسوڕما لەگریانەکەی من، نەیان دەزانی ئەم گریانەی من بۆچیيە؟!.. لە ڕاستیدا گریانەکەی من بۆ شەونم بوو، ئەو مانگەی لەسەر دەستی کێشا بووم هەر بە جوانی مابوو، توند دەستەکانیم گرت نە وەک جارێکی تر لێم بڕوات، هەموو هاواریان دەکرد، دکتۆر بۆ وادەکەیت؟!.. هاوڕێ و هاوپیشەکەی کە لە گەڵمدا بوو ئەو چیرۆکی ژیانی منی دەزانی، وتی: دکتۆر ناکرێت خۆ ئەمە شەونم بێت!!. خێرا قۆڵی کراسەکەی خۆم هەڵدایەوە وتم تەماشاکە ئەمەيش خۆرەکەی دەستی من کەلەیەک ڕۆژدا نەخشاندمان، بەڵام شەونمەکەی من بێ ئاگا بوو ئەو وەک تەیری ناو قەفەز وابوو ئەو باڵی نەبوو بفڕێت خۆی بنەخشێنێت، تەنها پێدەکەنی و دەیوت چاوەڕێی دەکەم هەردێت، .نەمتوانی شەونمەکەم بەو ئازارەوە بەجێ بهێڵم داوام لە سەرپەرشتیاری ئەم خەڵوەتگایە کرد من وەک چاودێرێکی نەخۆشەکان قبووڵ بکات، ت الە نزیکیشەوە ئاگام لە شەونمەکەم بێت، هەر چەندە بینی ئەو بەم شێوەیە زۆر ئازار بەخشە، دواجار توانیم کاروباری ئیداری تەواو بکەم وەک سەرپەرشتیاری تەندروستی توانیم لەم خەڵوەتگایەدا کاربکەم، هەموو ڕۆژێک چاوم لەچاوە جوانەکانی شەونم بێت هەرچەندە ئەو زۆر بێ ئاگایە لەم دونیایە، دواتر زانیم ئەو بەشێوەی موعجیزە ئاسا لەشاڵاوی ئەنفاڵ رزگاری بووە، دوو ڕۆژ پێش شاڵاوی ئەنفال دایکی شەونم نەخۆش دەکەوێت نەشتەرگەری ڕیخۆڵەی بۆ دەکرێت سێ ڕۆژ لەنەخۆشخانە دەمێنێتەوە شەونم بەدیار دایکیيەوە دەبێت لەنەخۆشخانە باوکیشی دەڕواتەوە سەردانێکی گوندەکەیان دەکات چونکە ئاژەڵەکانیان پێویستیان بەلەوەڕ دەبێت، کاتێک باوکی شەونم دەڕواتەوە بۆ گوندەکەیان ئەویش دەکەوێتە بەرشاڵاوی ئەنفاڵ، دواتر شەونم و دایکی دەزانن چ کارەساتێک ڕوویداوە خێزانێک دایکی شەونم و شەونم دەبەنە ماڵی خۆیان ژێر زەمینێکیان دەبێت دەیدەن بەشەونم و دایکی، دایکی شەونم لەگەڵ شەونم دەست ڕەنگین دەبن خەیاتی دەکەن هێواش هێواش ژیان دەکەن لەوساڵانەدا شەونم کەسانێک داوای هاوسەرگیری لێدەکەن، بەڵام ئەو پەیمانەی نەشکاند کە منی دابوو یان بۆ من بێت یان بۆ گڵ، ساڵانێک تێپەڕ دەبێت دایکی شەونم کۆچی دوایی دەکات، ئیتر شەونم هیوایەکی بەژیان نامێنێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەدونیای ڕاستی دوور دەکەوێتەوە دەچێتە دونیای خەیاڵ، تا ئەو ئاستەی کە ناوی خۆيشی لەبیر بکات، ئیتر بەناچاری ئەو خێزانەی کە بوون بە سایەک بۆ شەونم و دایکی،، شەونم دەهێنن بۆ ئەم خەڵوەتگایە بەشوێنێکی گونجاوی دەزانن بۆ ئەو، ئەمە قەدەرە ئێمە لێرە یەکترمان بینیيەوە، بەڵام بە جەستە نەک بە وشە، ئەو خاتوونەی لە بەرامبەرمان وەستاوە تەماشامان دەکات، ئەوەی هەمیشە ئەو دێڕە دەڵێتەوە چاوەڕێم هەر نەهات،،..ئەوە شەونمەکەمە بەڵام نام ناسێتەوە من هیوایەکم هەیەچاوەڕوانم هەر ڕۆژێک دێت منی بەبیردێتەوە، .لەگەڵ تەواو بوونی چیرۆکەکەی دکتۆر داوام لێکرد ئەو سەرپۆشەسرکەیم بداتێ بدەم بەسەرمدا وێنەیەکی پێوە بگرم، کاتێک سەرپۆشەکەم دا بەسەرمدا دەستێک لەسەرسەرم سەرپۆشەکەی ڕاکێشا ئاوڕم دایەوە شەونم بوو ،بەتووڕەییەوە پێی وتم ئەو سەرپۆشە سرکەیە هی منە……