رۆژانە سەد وشە دەنووسم
٨٦١
شێرزاد هەینی/ نووسەر/ ستۆکهۆلم
”عەبدوڵا ئەژی”، پیاوە مەندە بێدەنگەکە، ماوەیەکی زۆرە دەیناسم، کەم کەم دیدارمان دەبێت، کەم دەردەکەوێت، ئەو زۆرتر لەناو کتێبخانە، کۆڕی ئەدەبی دەبینێرێت. من و کەسی تر، نەیدیوە کتێبێکی لەدەستدا نەبێت! دوێنێ لەترسی دووکەڵی شار، بەتەنگاویی چوومە پارکی شانەدەر، لە دوورەوە کەسێکم بینی کتێبی لە دەست بوو، زانیم ئەوە. نزیکبوومەوە، لەسەر کورسییەک دانیشتین، باسی هەڵبژاردن، شوقە، مۆدیلی ئۆتۆمبێلمان نەکرد، چووینە سەر باسی کتێب. گوتی؛ ئێستا رۆمانی ”هیاج الاوز”ی سەلیم بەرەکات دەخوێنمەوە.
گوتم؛ خوێندنەوەی رۆمانەکانی ئەو، سەخت نییە!
گوتی؛ تامی زۆریان لێوەردەگرم! دەڵێن بڕیارە رۆمانەکانی بکرێن بە کوردی، چونکە زۆریان لەسەر کوردن. من وادەزانم سەلیم بەرەکات بە عەرەبی خۆشن، ئەدەبێکی باڵا، جوانی نووسیوە!