ناوم لەناو چاوی ڕەشت، قەبرە!
غەمگين بۆڵی/ شاعيڕ / هەولێر
…..?….
دەستییان لە ژیانم هەڵبڕی
ترسام و تەمەنم ناوكی كەوت
ڕۆژم بەبێ ڕووناكی هەنگاوی حەپەسا
شەوم بەبێ خەو زەندەقی تاریكی ڕژا
لە هەینێوە…
تارمایی مرۆڤێكی كورتەبنە لە سێبەرم هەڵاتووە.
ددانی پێدادەنێم،
من نەمتوانی ڕابكەمە دەرەوەی تۆ و
پارچەكانی ئەو پیاوە كۆبكەمەوە كە بیرەوەریی تاڵ
پەرت پەرتی كردووە.
تۆ
دەبوایە پێكەنینت لە ڕووخسارم گیر كردبوایە
من
دەبوایە ڕۆژگارت بە پیاسەی دڵتەڕ ئاوەدان بكەم.
پەیڤەكانت
ئەوەندە لە دڵمدا شیرین بوون
حەزم دەكرد پێكەنینت لە گوێمدا بچێنم.
لە چەقی خۆمدا دانیشتم
كۆڵانەكانی شار لەبەر پێیەكانم خڕكردنەوە
ئەو هەموو بەیانییە كازیوەی لێ دەڕژا
ئەو هەموو نیوەڕۆیە داغ داغ
بە دەستی ماندوو
چیڕۆكی ژیانتی دەنووسییەوە
ئەو هەموو ئێوارەیە ئۆغر ئۆغر
شۆستەكانی بە پێیەكانت مۆر دەكرد
ئەو کە بەیانییە و
نیوەڕۆیە و
ئێوارەیە
تێپەڕین و
شەو
بەرپێی ڕەش كردم
لە پاشماوەی جەنگی شارێکی وێران
پەنجەی پەشیمانیم خستە بن بلۆكێك.
مخابن،
هەزارویەک جار زیاتریش
دەستت لەو ڕۆژەم هەڵگرت و
شەوم بووە جەهەننەمێكی یەككەسی
تەنیاییم بە شیعر ئاوەدان کرد.
فەرامۆشی
ئەو ئێوارەیەی تۆی كردە تەمێكی ڕەساسی و
بایی شەوشادێك زمانی بریندارم نە تەقی
ئەو هەموو تاریكییە لە پێشم ڕژا
سەرەنجام؛
كەوتمە ناو گۆڕی بێ تەرمی خۆم.
…
سەرچاوە
تەرمێک لەسەر زمان دەنێژم