لە کوێ خاچ هاواری کرد
دەستەکانم بدەنەوە
سامان گەردی/ شاعيڕ / هەولێر
ڕا
لە ڕای ڕێنووسەوە تا- ڕێی ڕا
کەوتنەخوارەوە.
زای زانین تا- زای زەوی
لە ڕووناکی دیداردا
لە لامی مل تا- لای لادان
ڕاز
زام
لە زمانم دەگرمەوە.
ئەو دارەی سەولی لێ دروستکرا
ئەو دارەی کورسی لێ دروستکرا
ئەو دارە، تابووتی لێ دروستکرا
ئەو دارە، قەڵەمی لێ دروستکرا
دڵم لەسەر دەستم ڕادەخەم
لەبێی با- با
لە سینی سا- ساز
خۆم دەخۆمەوە، قرپی ئەو گەڕانە دەدەمەوە
لکە دارێک، لەو ڕستەیە دەدەم
لانکی منداڵ
لایلایەی دایک
دێم… و
گرێی ئەو دەسرازەیە لە خۆم دەکەمەوە
لەبێی- با
سینی- سا
باس، نهێنی سەری ئەو گۆپارە دەگرم
سەعاتی ناو ئەو کتێبانە قورمیش ناکەم
زەمەن دەگەڕێنە دواوە
خەونی جوان
ژیان بینی جوان
لە پەڕاو هەر لێکدانەوەیەکم
ئاراستەی چارۆگەی ئەو کەشتییە وەردەگرم
با- دەیلەنگێنێ.
لە دێڕبوونی ئەو مانایانەی خۆیان دروستکرد
خۆم دەپێچمەوە
خەتی ئەو پیتانە دەپسێنم
دوای کەوتنی فرمێسکم
دڵۆپ
دڵۆپ، سەردەکەوم
هێڵی ئەو شەمەندەفەرە، پایە پایە دەژمێرم
ژەنگ، جێی پێی نۆتەکانی گرتووە
خەیاڵم…
بەتایەی ئەو گالیسکەیە دەسپێرم
لە کوێ خاچ هاواری کرد، دەستەکانم بدەنەوە
بڕوای تەواوم هەیە، بەو مانایانەی خۆیان وندەکەن
لەوەی شەڕی جانتای سەفەر دەکاتەوە.
لە نوونی نا- نا
لە ئای ئا- ئا
نا، لەمەودوا لە سێبەری پەنجەکانم پشوو دەدەم
باڵی باز
ئازاری گاز
کێو، ئەی کەف
دڵی خودا هەموومانی تێدا دەژی
مێروولەیەک زەوی کۆ دەکاتەوە
ئەرێ هاوار چەند ناوی هەیە، ئەمە خەیاڵە؟