فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەقی شيعر

دەقی شيعر

هەڵۆ شێركۆ بێكەس/ شاعير/ سلێمانی

 

نازانم بۆ فڕینم فریووی

نیشتنەوەی خوارد!

لە یادم نییە،

بۆ ڕەهێڵەی نووكە نەشتەر

بەسەر مندا باری و

نازانم بۆ ژووری ترپەكانی دڵم ڕمان؟

لە یادم نییە

بۆ چاوەكانم هەڵوەرینە

ناو سەرابەكانی مردنەوە و

بۆ ئاوا وەكو مەملەكەتی

عەدەم كەڕولاڵ بووم!

هیچ لەسەر خەیاڵ نییم،

نازانم بۆ سەعاتەكانی

ڕۆژگارم وردوخاش بوون،

بۆ گڤەی ئەو شارە

خونچەكانی پێش وەخت هەڵوەراندم!

نازانم بۆ؟

مەگەر خەیاڵم ئاسمانی ئازار و

ئاسۆی دووری و

چاوانم پەروانەی نهێنیی شەو نییە؟!

نازانم بۆ؟

نازانم نا…!