لێرە نەبونی تۆ مانای نەبونم و نەبونی دڵمە لەمن لێرە..
شوان عوسمان/ شاعير/ هۆڵەندا
کە تۆ لێرە نەبیت
من لێرەش بم
ھیچ…
هیچ
یانی هیچ
رەنگە هیچ پێوەرەرێکی ژمارەیی نەبێت،
بەلام گەلێکجار بەبێ ئەو
گەلێک ژمارە هیچ نیە،
تا هیچ بێت…
هیچێکی چەند هیچە لێرەبوون
بێ ژمارە بیت و بێ دڵ بیت
بەبێ دڵ چەند بێ دڵە ئەو دڵە…
دڵێکی بێ بوون
بوونێکی بێ هەست و هۆش
وەکوو کاڵەکێکە بێ رەنگ و بێ کاڵا و باڵا،
لەناوەوەيش بۆش…
کە دڵ لێرە نەبێ
کەسمان خۆمان نابین
لێرە دەبین و لەوێش دەبین،
دڵ بەدوای دڵ سەرگەردان و
سەردەردان،
دەبێ،
بە رۆیشتن…
ئێرە
چ
لێرە بوونێکە
بێ تۆ
نە من خۆمم،
نە خۆم من و نە دڵم،
دڵ…
نە دڵیش لە خۆمە و نە خۆم دڵە لە من
بەبێ خۆی
هیچ خۆیەک نابێتە خۆی لەگەل خۆم…
من
چی لەخۆمێک بکەم کە شتێکم لێرە نەبێ
هەمووی لەوێ بێ و
چۆن لێرە بم،
کە دڵ لەوێ بێ…
ئێرەم چەند بێ ئێرەیە
ئێرەیەک نامبەستێتەوە بە ھیچ،
کە ھیچم لێرە نەبێ و ھەموم لەوێ بێت…
بێ تۆ
چەند ھیچم
بێ هەمووی لە هەمووم،
سفرێکم بەبێ ھیچ
ژمارەیەک و پیتێک بەبێ خاڵ…
خاڵێکم
بە بێ خەت و بەبێ کۆتا
رووێک بەبێ بزە و بێ گۆنا،
ئەڕۆم،
خۆم و خۆم…
ئاخر کە خۆم بۆ خۆم نەبێت و
ھەموم بۆ تۆ بێت،
چی لەمن دەمێنێتەوە بێ تۆ لێرە…
کەتۆ لێرە نەبیت
من نە خۆم لێرەم
نە دڵم لێرە دەبیت…
بێ تۆ
دڵ لەوێ و خۆم لەوێ
بە دڵێک و بێ دڵ و دوو دڵ بێ دڵم،
من بۆ لێرە بم،
کە دڵم بێ دڵ،
لەنێوان دوو دڵدا،
قاچێکم لەوێ بێ و یەکێکم لێرە…
یەکێک لێرە چاوەڕێ و
قاچێکم بەرەو ئەوێ،
بکەوێتە سەفەر…
|