“کە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ، دەکەی ئەو ڕۆژە تۆ بڕوا”
نوری بێخاڵی/ شاعیر/ ڕواندز
واز بێنە،
چراکە، هەڵایساو بێت یان خامۆش،
دڵ کە تاریک داهات،
بە هیچ ڕۆشن نابێتەوە
واز بێنە،
پەنجەرەکە، کراوە بێت یان داخراو،
دڵ کە ژەهراوی بوو،
ئۆکسجین فریای ناکەوێت
واز بێنە،
با ژوورەکە پڕ بێت لە گۆرانیی خەمگین
دڵ کە شکا،
هیچ ئاهەنگێک نایخاتەوە سەما
واز بێنە،
ئەو شڕوشیتاڵانە با پەرشوبڵاو بن
دڵ کە لێدانی شێوا،
نایەتەوە سەر ڕیتمی خۆی
واز بێنە،
با ژوورەکە سەراوژێر بێت
دڵ کە چۆڵ بوو،
قەت ئاوەدان نابێتەوە
واز بێنە،
با تۆز جێخەوەکە بخنکێنێت
خەونێک لە سەری بالیفەکەدا نەماوە،
چووزەرە بکات
واز بێنە،
با ژەنگ لە کاتژمێرەکە بدات
چاوەڕوانیی کەوەڕێ بوو
واز بێنە،
با کەڕوو دار و دیوار بکرۆژێت
خونچەی خۆشییەک،
لە ژووری تەنگی دڵ نەما،
تا بپشکوێت