شيعر
ڕەحيم لوقمانی/ شاعير / سەقز
خاتوونێک بۆی نووسیم:
لە ناو هەردی شێعرەکانت هەرچی گەڕام
لە بەر دڕکوداڵی خەم و بابردەڵەی حەز و ئاوات
پێی خەیاڵم هەموو ڕووشا و
چڵی گوڵی ئەوینێکم نەدی،
هەتا بیدەم لە لاسەری سەوداسەرم!
پیاوێک بۆی نووسیم:
بە ناو باخی شێعرەکانت کەوتم
بڵاڵووکی وشەیەکی شادم نەدی،
هەتا بیکەم بە دەنگی گوارەی گۆرانی
بۆ ئاوێزەی گوێی ئازیزم!
نیشتمان بۆی نووسیم:
من وەک لە باخی خۆمدا بم
هەموو ڕۆژێ، بسکی شۆڕەبی قەسیدە و
گژوگیای گوڵوشەکان بە پەنجەی گیان دادەهێنم
بچمە ماڵی هەر شەهید و هەژارێکم
لە شەکرە سێوی هۆنراوە و میوەی پەیام
بۆ دیارییان، لەم باخەیان بۆ دەهێنم
گەر ڕۆژێکیش ئازادی بێ و لێرە ماڵی بکاتەوە
تاجە گوڵی ئەم شێعرانە بۆ گەردنی و
بە فرمێسکی ئەم وشانە، ئاوپرژێنی بەرپێی دەکەم
تەنیاییش بۆی نووسیم:
بەر سێبەری هەر غەزەل و کانیاوی هەر هاوارێکی
بۆ من پڕیە لە هاودەمی وەفاداری خەم و
خۆشەویستیی نادیار و تەنیاییمان
تا من مابم، تا ژوانگەی بێ دڵبەر و بێ ئازادی
لەگەڵ عەشقی ئەم شێعرانە و خاوەنەکەی
کەس نابینێ بێوەفایی و جوداییمان