کورتە چیرۆک
پاش سی وپێج ساڵ ژیان لە کەنەدا نەبووە هاوڵاتی کەنەدی
چرۆ زەند/ نووسەر / کەنەدا
لە دادگاوە بە دەستێکی کەلەپچە، بە یاوەری ژنێک گەیشتە نەخۆشخانە، بەشی دەروونی، ژووری تایبەتی لەگەڵ پزیشکی دەروونیدا، من وەک تەرجومانی یاسایی بە یاوەری پاسەوانی لە دادگاوە گەیشتمە نەخۆشخانەکە.
دکتۆر ڕەزامەندی داواکاری وەرگرت بۆ ئامادەبوونی ئەو ژنە،
-داواکار: بەڵێ با خوشکم لەگەڵم بێت.
منیش پێنووسەکەم هەڵگرت، پێنووسەکەی من بۆ وەرگێڕانی ڕووداوەوە، پاشان ڕووداوەکان دەبنە چیرۆک
سوێندم خوارد وتەکانی وەرگێڕم، بێ لایەن، بێ زیاد و کەم.
-داواکار: ڕووی کردە دکتۆر، شەوانە خەوم لێ دەزڕێ، ئەو تۆزەيش کە دەنووم، بیر لە دەم وچاوی براکەم دەکەمەوە،
-پزیشک: ڕووداوەکەت چۆن دێتەوە یاد؟
-داواکار: بە کوژراوی لاشەیەکی زۆر بێهێز، هاوار دەکات پێش مردنی، من هیجم نەکردووە، داوای یارمەتیم لێ دەکات
زۆر جار خەونەکەم نایەتە دی. دووبارە هەمان خەو دەبینم. براکەم پێش مردنی داوای یارمەتیم لێ دەکات.
هاوژینەکەم ڕۆی، ماڵەکەی جێهێشت، دوای کۆچی براکەم لەگەڵ من ناژی.
-پزیشک: کاتێ هاوژینەکەت لە لەگەڵت دەژیان، ژیان و گوزەرانتان چۆن بوو؟
-داواکار: من زۆربەی کات کە دەچوومە دەرەوە، بە تەنها دەڕۆشتم، دەمویست خۆم کاتم هەبێ بۆ خۆم، خێزانەکم کە بە تەنها دەمایەوە لەماڵ. دەچووە دەرێ، هەندێ جاریش من خۆم مات دەدا لەکن دەرگا، پاشان دوای دەکەوتم،
پزیشک: بۆ ئەو کارەت دەکرد؟
-داواکار: وام دەزانی ئەوەی من بۆی دەچمە دەرێ ئەویش هەر بۆ ئەوە دەچێ، ئەوە دەکات کە من دەیکەم.
-پزشک: تۆ چیت دەکرد؟
-داواکار: من ژوانم لەگەڵ کیژو ژنی ڕەگەز ونەتەوەی جودادا دەکرد، زۆر جاریش لە پر دەچوومەوە ماڵەوە، دەم دیت براکەم لەوێیە، شکم لە براکەم بوو کە دەستی تێکەڵ کردبێ لەگەڵ هاوسەرەکەم، شکم لە هاوسەرەکەم بوو.
ژنەکەی تەنیشتی دەنگی بڵند کرد، براژنم قەد کاری وای نەکردبوو، ئەوە تەنها بیری خۆتە، تکایە ئەو تاوانە مەخە پاڵی.
-داواکار: من براکەم کوشت، ئەو لەشێکی لاوازی بوو، کە دەستم نایە بینی بیخنکێنم زۆری هاوار کرد، من نەمویست دەستم بەردەم بە هەردوو دەست توند مليم دەگووشی، براکەم هەناسەی لێبڕا، چاوی کرایەوە ئەوەندەی نەبرد بەدەستمەوە گیانی دەرچوو. هاوسەرەکەم زۆر هاواری کرد کە ئازادی کەم دەمرێ، من ئەوەم نەکرد، براکەم مرد.
-دکتۆر: تۆ ئەوانت دیبوو پێکەوە؟
داواکار: نا نەخێر، بەڵام شکم دەکرد پەیوەندیان هەبێت.
-پزیشک: لە سەر چ بنەمایەک؟
-داواکار: زۆربەی کات کە دەهاتمەوە ماڵی ئەو لە ماڵمان بوو، ماڵەکانمان نزیک بوو لەیەک، لە سەر یەک شەقام بوو. بێزار بووم نامەوێ ئەوەندە بێم بچم، لە وڵاتی خۆمان چاکترە، هێندە لێپرسینەوە ناکەن، هیلاک بووم لە دادگا.
دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ وڵات، ئازادم کەن لێرە نامێنم. سی و پێنج ساڵە لێرەم، تا ئێستا نەبوومە هاوڵاتی، ئیتر ئەو خزمەتی تەندروستيیەم ناوێ کە پێم دەبەخشن. ئەوە چەند ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا تێپەڕی بۆ مافم نادەنێ؟
-دکتۆر:بڕیاری سەفەری تۆ بۆ وڵات، و یان هاوڵاتی بوونت لای من نیيە، من تەنها ڕاپۆرت دەنووسم لە بارەی دەروونی تۆ، ڕاپۆرتەکە دەچێ بۆ دادگا و، بەڕێوەبەرایەتی هجرەو پەنابەران بڕیار دەدەن، بڕیار لای ئەوانە نەک من.
– داواکار ژووری نەخۆشخانەکەی جێهێشت، پاسەوانەکەی بەردەرگا یاوەری بوو دەرگاکە بە توندی داخرایەوە.
من لاپەڕەکانم کۆکردەوە، شوێنەکەم جێهێشت، دەرگاکە کلیل درا، ڕووداوێکی تری دادگا،
پێنووسەکەم پاش ماوەیەک ئەو چیرۆکەی یاداشت کرد. ئەو کەسەی پاش سی و پێنج ساڵ ژیان لە کەنەدا نەبوە هاوڵاتی کەنەدی.
August 26, 2023