فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شیوەنی ڕوح

شیوەنی ڕوح

سەلوا حوسێن عەلی/ شاعير/ سلێمانی

 

لێرە.. لەناو

هەناوی پەیدابوون

چرپەی لێوێک

شوێن تیشکێکی ئەبەدی دەکەوێت

لەپێچاو پێچی کۆڵانە تاریکەکانی

مەملەکەتی خەمە بێ نازەکان

تا بە گوێیدا بچریپێنێت

هیوایەک ببەخشێت

بەو نهێنیيە ڕەنگاڵانەی

لە ئینجانە گوڵینەکانی بەستەڵەکی ڕوح هەڵدەتۆقێ..

لەسەر خاکی ژنێک

کە لە پەنجاکانی فرمێسکدایە..

ژانی دابڕان

هاوارێکی دڕ دەدەنەوە

لەسەر شانی قەسیدەیەک

بە کۆت و بەندێکی ژەنگاوی شەتەک دراوە..

کڕنوشی دەبرد

بۆ ڕێژنە بارانی هانایەکیی ناوەخت ..

لە تاو گۆرانی وتنی

خەمی خەونێکی دوورو گڕگرتوو..

هاواری کپی

ئارام گرتنیش لە ناخیدا گرمۆڵەیان کردبوو..

لەناو ئازارەکانیدا

سیمای بریندارەوە

پێنووسەکەی خوێنێکی ئەبەدی لێدەچۆڕێ..

ئەو کاتانەی

دەبووە دۆڵێک لە مەینەتی

پەنجە لاوازەکانی بریسکەیان دەدایەوە

لە نێوان باڵەکانی نا ئومێدی

بۆکڕوزیان لێدەهات..

ئاگر بارانی

ئەو چاوەڕوانیيە بێ بەزەیيە

کیژۆڵەی خەونەکانی لەسێدارە دەدا ..

چەخماخەی خەیاڵی

گوڵە قەرسیلەیەکی مەراقەوە

ساباتی ڕوحی

چامەیەکی زامدارەو

چەمی پێکەنینی دڵتەنگ دەکات..

ئەسپە شێیی حەزەکانی

وەک تابلۆیەکی بەرباران

فرمێسک خۆی تیامەڵاس داوە..

بەرمۆدای بێ مروەتی

دار بەنی بێ کەسی هەڵدەڵوشێ

بە تاوە تەرزەی خەمێکی شیرین..

شاڕێکانی بێ هودەیی

جوگرافیای شادی وێڵ دەبن و

لە چاوتروکانێکدا

کیشوەرەکانی چاوەڕوانی

لە ڕشترین هەسارە گیردەکات..

خەونەکانی

بە شانامەی ئەڤین داری

ئۆقیانوسی هەناوی سوور دەکات..

فرمێسکەکانی

وەک دوا هەناسەکانی حەللاج

پڕن لە سووتانی ئەو دەستە ڕەشانەی

لەکتێبخانە سەرهەڵگرتووەکەی

دەست نووسەکەی مەحوی دەدڕێنن..

بونەتە ڕۆمانێک و

لە تەنیشت خەیاڵەوە

لێوەکانی وەک هەورێکی گرینۆک

سروشتی زاراوەکان دەخنکێنێ..

زەنگی دەرگاکانی تەنیایی

لە نرکەی زامێک دەچێ بێ ئاگر .. دەسوتێ

دوکەڵی شپرزیان

وەک گلاراوکەی ڕوحی

بۆ خەیاڵێک دەگەڕیێن..

تا لەباوشی تاسەکەی دا

زەردەخەنەی ماندووی فێربکات

چۆن کاژی بێ ئۆقرەیی فڕی بدات..

ئەم ئەشکانە

بیرۆکەیەکی

خوێ ئاسای پێ دەبەخشیی..

تا دوا هەناسەی مۆمێک کپ بکات و

جارێکی تر تنۆک.. تنۆک

دوا تروپکەی گڕوگاڵی

سەر دیواری توانەوەی گریان بتوێنێتەوە..

کەچی ئەوەتا ..

دەرگای بەفرمێسک داخراوەکانی

بۆ دارستانی خۆشەویستی و

لێوی پڕ تاسە دەکاتەوە..

دەگەشێتەوە بۆ ماچی ناوێک و

لە بەردەم پەنچەرەکانی ڕووناکی

چاوەڕوانی

کەنارەکانی گۆنایەک دەکات

کاتێ تێکەڵ بەڕوومەتی بەرەبەیان دەبن..

هاوار دەکات

بۆ ئەو پریشکە عیشقەی

لە هەزار و یەک پرسیاردا

سەرچاوە دەگرێ و دەڵێت..

لەوەتەی ئادەم پەراسوی هەیە

من لە تۆدام..

ئێستا

ئەو مێنەیەکە لە باران و

بۆنێکی لێوان لێو

لە سوێ سەردەخاتە سەر سنگی

بە ئەندازەی تاڵەکانی ئارام گرتن..

هێدی.. هێدی

هەر پینج هەستەکەی پیرۆز دەکات

تا گزنگی ئارەزوو هەڵدێ..

لە نێوان هەڵکشان و داکشاندا

چاودێری شەپۆلەکانی ئاوات دەکات

بۆ ئەوەی خەونە پاکەکانی

بەهەناسەی هۆگربوون خۆشە بکات

بە وەرزێک تەواو لە پرتەقاڵ.. ………