نەشوە و ئاژاوەی ناوەوەی مرۆڤ
موحسین ئاوارە/شاعیر/ هەولێر
١
لە خەندەوە بۆ خەندەق
جەنگێکی بێ ئامانە خۆشەویستی
لە پەپولەوە بۆ باخ
سەوداسەرییە گوڵپەرستی
لە سینەوە بۆ سینە
مزراحی هەڵدراوەی دڵ
سووڕ دەخوا و سووڕ دەخوا
دەخولێتەوە و دەخولێتەوە
لە وەستانیدا پێی ناوەستی
٢
بە پیکاب و ئارەبانە و ترومبێڵە دوو تەنیەکان
بە بەر دەمی ماڵەکەمان تێپەڕ دەبن
یەکێکیان کۆنەکڕە و کەرستە شکاوەکانیش دەکڕێ
تەنیا دڵە شکاوەکانی پێناکڕێ
ئەوەیتریان غاز فرۆشە
بە مۆسیقا و سروودە نیشتمانییە دێرینەکان
دەمانخاتەوە نێو خەیاڵی ڕێز بوون لەو قوتابخانە سەرەتاییانەی ڕۆژانێ بە گوتنەوەی سروودە نیشتمانییەکان گۆش دەکراین
باڵمان دەگرت و بۆ ئەمڕۆ هەڵگیراین
٣
بەفرێکی ئەستوور
جیهانە ڕەنگالیەکەی ژێرەوەی خۆی دائەپۆشێ
وەک هێلکەیەکی بێ زەردێنە
تەنیا سپێنەکەی وەدیار دەخات
وا بزانە بەرداخێکی کۆکتێڵی هەمەڕەنگ ئەنۆشێ
وەنەبێ ئەم بەفرە دیکتاتۆرێک بێت
زەوی ژێر خۆی بکێڵێ
نا.. نا کە دەتوێتەوە
لە دوای خۆیدا دنیایەکی ڕازاوە جێدێڵێ