فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شيعر

شيعر

مەجید هەرشەمی/  شاعير

من

ماڵەکەم ون کردەوە

لەنێوان دwوکەڵ و باڵەخانە بەرزەکان

نەک بە پیادە

نایدۆزمەوە لە ئاسمان

جاران

هەر بەچاو چوقان

بێ ئەدرەسی گوزەرو کۆلان

دەگەیشتمە بەردەرگەی ماڵمان

لەسیلەی قەبران

ئێستا خۆم ون کردوە

لە ناو ئاپۆرەی غەریبان

توبڵێی لافاو ڕاپێچی نەکردبم

لەخەودا بۆ ئەوشارەی خوارەوەی خۆمان

 

من تەنها

ئێسکە پەیکەرێکی کونی کلۆرم

هیچم لێ نابیسترێ

ئەوکاتانە نەبێ

کە با بەسەرما تێدەپەڕێ

 

من پێناسەیەکی تەزویرم

لە حیکمەتی دیموکراسی تەنها و تەنها

لە لیستی خۆراک و

دەنگدان جێگیرم

 

من ونم

هەر ونێک منم

منێکی ون

لەکوێی بوونم

بوونێک

نەپڕژێتە ڕۆژی لە دایکبونم

نەک هەر خاک

دەریاش بەخۆیم نەگرێ

بۆ ڕووچونم !!