فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

باوکی باوکان

باوکی باوکان

عەبدوڵڵا سەڕاج/ نووسەر و ڕۆماننووس/ فيلەند

 

 

رەوانی باوکم لە بەھەشتی دڵارا شادبێت لەگەڵ مردووی بەرێزتان، پیاوێکی دڵتەر و بەزەوق و قۆز بوو ،بە کورتی و چڕی بەیادی پیرۆزی ئەم خاڵانەی خوارەوە تۆمار دەکەم :

١- لە گەنجیدا مشکی( هەوری) و جامەدانی تێکەڵ دەکرد و چەرمی کەمەربەندەکەی پێچراوی ھەمان کوتاڵی کەوا و چاکەتەکەی دەکرد، پێڵاوەکەيشی ھەمیشە بریقەدار بوو.

٢- لە ساڵی چلی سەدەی رابردوو من و کەمالی کاکمی بردە لای وێنەگرێک، خۆی لەسەر کورسی دانیشت و ئێمەی لەم دیوو ئەو دیوی خۆی راوەستاند ئەم کارە لەو سەردەمە ھەموو باوکێک نەی دەکرد.

٣- بەر لەوەی تۆری کارەبا بێتە سەیسەروەر بەر لەوەی بمخاتە بەر خوێندن، لەبەر تیشکی لالە داستانی بۆ دراوسێکانمانی دەخوێندەوە و کورتەیەکی لە داستانەکان بە کوردی بۆ ئێمەی مناڵ دەخوێندەوە، هەروەها لە یادمە لەسەر کتێبەکانی ( کامیل و کەلام ، بانوی جیهان، هەفت پەیکەر) ناوی خۆی نووسی بوو (نەجمەدین بابان).

٤- خانوەکەی کۆڵانی سەیسەروەری فرۆشت و لەو دیو زەوییەکی کری و وەستا حەسن نەقاشی راسپارد بۆ ئەوەی خانویەکی بە دێر و خەزنە بۆ دروست بکات. پاشان نیگارکێشێ خۆرسکی ھێنا بۆ ئەوەی ھەر چوار تاقی دوێری دانیشتنەکە بە گوڵ گوڵدان نێگار بکێشێت و بیرازێنێتەوە.

٥- لە بنمیچی کەوانەیی ئەو دوێرەوە قولابێکی شۆڕ کردبووەوە بۆ ھەڵواسینی شوشەیەک لە شێوەی ماسيیەکی گەورە بوو ئاو و چەند وردە ماسییەکی لێدانابوو. پاش نوێژی بەیانیان ئاوی ماسيیەکانی دەگۆڕی و مشتێ وردە نانی دەکردە ناو شوشەکەوە.

٦- مەلا بانگدانان بە دەنگی بڵند قورئانی دەخوێند، بەرۆژگاریش ئەگەر دڵخۆش و کەیف سازبووایە، گۆرانی کۆنی سەردەمی خۆی دەچری. لە یادمە یەکێک لە گۆرانيیەکانی بە ئینگلیز( تونکڵ تونکڵ لتڵ ستار)

خۆی گوتەنی یەک دوو مامۆستایان ئینگلیز بوونە کە لە پۆلی یەکەمی سەرەتایدا فێری ئەلف و بێی ئینگلیزیان دەکردن.

ڕەوانی شاد و ئارام بێت، بە ڕاستی باوکی باوکان بوو.