فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەچاوەڕوانی ئومێدێکدا

لەچاوەڕوانی ئومێدێکدا

 محەمەد سۆران/ شاعير / کەرکووک

بێدەنگیت کەنارێکی پڕ نەورەسە،

منیش کەشتیوانێکی ماندووم،

لەجەنگی شەپۆلە تووڕەکان

دەرباز بووم.

نیگاکانم تیژ کردووە و

سەیری ئاسۆ دەکەم،

دەگەڕێم بۆ شوێن پێیەکانی تۆ.

من ئەم بەیانییەم خۆش ناوێت

کە تۆی لێ دوور خستمەوە،

وەڵامی نیگا بێ نازەکانت نەدامەوە.

خۆت دایە دەست شەپۆلەکانی غەریبی و

ئەم شارەت کردە بیابانێک

کە سەرابەکان بەرچاویان گرتووم.

ناتوانم ئاوێنەیەک بدۆزمەوە،

بۆ سەیرکردنی ڕووخسارە پیرەکەم.

دەمەوێت بمکەیت بەمنداڵێک،

بۆ ئەوەی لەکونی دەرگاکانەوە

سەیری ژوورە تاریکەکانی

گەورە بوون بکەم ،

سەیری ئەو دیوارانە بکەم

کە تەنیایی ڕەنگی کردوون ،

سەیری شارێک بکەم

ئاسمانەکەی بارانی سوور دەبارێنێت.

ئاهــ ….من لەم سەری شارەوە بۆت دەگەڕێم،

کەچی تۆ لەوسەرەوە ون دەبیت!

ناکرێت لەم شارەدا

هێندە تەنیابم،

شەوان بچمە باوەشی کتێبەکانم و

ئێوارانیش دەست لەمل،

لەگەڵ بێزاریدا

بەشەقامی بێکەسیدا شۆڕبینەوە.

دواتر دەچمە ناوەڕاستی شار و

سەیری ئاسمان دەکەم،

هاوار دەکەم و

دەڵێم بگری، بگری

بۆ ئەو شەوانەی کە تریفە نادیارە.

من خاڵیم لەخۆشییەکانی منداڵی،

بیرەوەریم نوقمی نائومێدییە.

بەئاواتم شەوێک مەرگ یەخەم بگرێت و

شیوەنی پێنووسەکەم،

هەمووان هەراسان بکات.

ئیدی ئەم شارە گۆڕستانێکە

کێلەکانی هەموو شکاون ،

کەس خۆشەویستی نادۆزێتەوە ،

کەس ئیشق نادۆزێتەوە ،

کەس وێڵ نییە

بەدوای مەعشوقدا

تەنیا من نەبێ.

دەترسم ئێوارەیەک

خەیاڵ بەدەم ڕێگاوە ماڵەوەم لێ ون بکات و

بمێنێت بۆ لای تۆ.

بۆیە ئازیز ونم مەکە،

چونکە بۆنی ماڵئاوایی دەکەم.