فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شەوێک بەر لەنووستن

شەوێک بەر لەنووستن

هەوار محەمەد/ نووسەر / سلێمانی

 

 

لەگەڵ ئیلهامی شیعرێکما لەبەر تریفەی مانگەشەوا هەستم تێکەڵ بە خەیاڵێک کرد و نامەیەکم بۆ نووسیت، دەمەوبەیانی بە کزەبایەکا بۆم ناردی بەرامەی نامەکەم خەڵکی ئەم شارەی مەست کرد! ئەوەی سەیر بوو تۆ نەت دی! ئەی جوانتر لە تریفە! من وام دەزانی چاوەکانت لەسەر دێڕ بەدێڕی نامەکەم ڕائەگریت و بەخەیاڵ دێیتە دیدارم ڕاڤەی ئەو شیعرانەم بۆ دەکەی کە دووری تۆ پێی نووسیوم بەڵام خۆم و شیعرم هێندەی هەناسەی گەڵایەک نرخیان لەلای تۆ نەبوو بەڵێن بێ جارێکێتر بەو شێوەیە بۆت نەنوسم! چۆن بنوسم؟ کە تۆ ئاوا بێ دەربەست بی کە ئاوا خەمێک لە تەنیایی من نەخۆیت و ئاخێک بۆ ئازارەکانم هەڵنەکێشیت! چۆن بنووسم؟ کە ئێوارەیەک لە سیلەی کۆڵان چاو لە قامەتم نەبڕیت و لە چاوەکانما چیرۆکی عیشق نەخوێنیتەوە! چۆن بنووسم؟ کە شەوێک چاو لەو هەورانە نەبڕیت کە بۆ تەنیاییم ئەگرین! من ئەزانم! بارانی سۆزت، زەوی هەموو دڵێکی تەڕ کردووە تەنھا دڵی من وەک سارایەکی چۆڵ وشک و بێ ئاو دوور لە سۆزت ماوەتەوە من ئەزانم! ئاسمانی میهرەبانییت هەموو دنیای داپۆشیوە تەنھا منم بێبەش لە نازی چاوەکانت ژین بەڕێ ئەکەم! وەرە ئەی جوانتر لە تریفە بەئاوازی سۆزت بملاوێنە وەرە ئەی ناسکتر لە باخچە چرای عیشقت داگیرسێنە وەرە ئەی هێمن تر لە ئاو من بەتەنیا دانیشتووم شینی بێ تۆیی دەگێڕم لەم تەنیاییە دەرم بێنە.