باڵندەکانی “تشرین”م خۆش گەرەکن
(نزار قەبانی)
کوردییەکەی : پشکۆ نەجمەدین/ شاعیر/ سوێد
من دەخوازم، سات نا ساتێ،
وەک باڵندەکانی تشرین،
بزر ببم!
دەخوازم لەدوی نیشتمانی نوێ،
نیشتمانێکی چۆڵوهۆڵ،
کە لەوێدا، زەوین قەستەسەرم نەبێ و
خودا هەڵنەکوتێتە سەرم،
هەردەوێڵ بم!
دەخوازم؛
لە پێستم،
لە دەنگم،
لە زمانم هەڵبێم و
هەر وەکوو بەرامەی باخچەکان،
لە سێبەر و ناونیشانم،
لە ڕۆژهەڵاتی خورافە و کوڵەوەیباب،
خەلیفەکان،
میر و پادشا و سوڵتانەکان،
هەڵبێم، سەری خۆم هەڵبگرم!
من دەمەوێت، وەک باڵندەکانی تشرین،
عیشق و خۆشەویستی بکەم،
ئەی خۆرهەڵاتی سێدارە و کێرد و چەقۆ،
لە تۆ هەڵبێم.. لە سوڵتان و لە میرەکان!