فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ڕەشنووسی کۆتایی

ڕەشنووسی کۆتایی

گوڵاڵە عوسمان/ شاعير / سلێمانی

 

کۆتاییەک

سەری کردووەتە سەرم و

قاچم نییە بڕۆم ،

ئەو بە هەنگاوێ

پڕم دەکات لە بۆشایی و

منیش هەموو ڕێگەکانم لە پێوەدا و

کەچی لە شوێنی خۆمم . … هەر . ……..

بەخۆیەوە نەدەوەستا و

کۆتاییەکی تریشی لەگەڵ خۆی هێنا

بوو بە خانەخوێ و

دەستی کرد

بە خۆشنەویستنی

هەردووکمان ،

ئەو هەمان ئەو کۆتاییەی ناو تۆیە

کە لە مندا شوێنی نییە و نییە .

لە ئاوێنەکەدایە و لەوە بێزارە

کە هەمیشە دەموت : هیچم نییە بیڵێم !

ئەمخاتە غەفڵەتەوە و

فێری ڕقم دەکا

خاڵێک لەدوای فاریزەوە دادەنێ

کۆتاییەک داش کۆتاییەکی تر .

کۆتایی بوو هات وەک

نیشانەی لەناکاوی پیری و

تاریک داهاتنی دیوەکەی ترم

هات و

خستمیە داڵغەی ئەو کۆترانەی باڵیان مقەست کران .

هات وەک دەستنووسێکی کۆن

زۆر شتی بەدیارخست و

زۆریش ون .

هات و

دەستی لەگەڵ تۆ تێکەڵ کرد و

بوو بە دەستگیرانی من ،

ئای لە من .

هات تا

کەلێنی داکشانەوەم

تا چاپکردنی دوابەرگی هەڵوەرین .

دەهات و

لە دواوە بە دەستەکانی

چاوەکانمی دەگرت و دەیوت : من کێم !

ئەو کە گەرەکی بوو نەڕوات !

بە چپە پێم وت :

پارچە بچوکەکانم بەرەوە

بۆ ماڵی خۆتان و

پارچە گەورەکەشم پڕکە لە غوربەت !

پارچە بچووکەکەم بخەرە بەینی کتێبێکەوە و

پارچە گەورەکەشم بکە بە فەرهەنگێ بۆ بێهودەیی !

پارچە وردەکانم کۆکەرەوە و

پڕیانکە لە بەڵێنی منداڵانە !

پارچە گەورەکەشم لە مەستبوونەکانتدا ڕاگرە !

پارچەیەکم بکە دوولەتەوە و

ئەوانی دیشم هەڵخەڵەتێنە !

 

دەترسم !

لە یەکەم ساتی دوای کۆتایی

لەدەست بەتاڵی دوای کۆتایی

دەترسم

لە بۆشایی پێش کۆتایی

لە کۆتاییەکی بۆش

دەترسم

لە کۆتاییەک لە ناوەختدا

لەکۆتایی ناو چاوەکانت

دەترسم

لە کۆتاییەک کە وێنەکەی وا بەدیواری ژوورەکەمەوە

زۆر دەترسم …… زۆر ،

هەندێ جار تەنیا لە خۆم دەترسم .

بە حەسرەتەوە کۆتاییەک وتی :

ئەگەر ئەمجارە نەهاتمەوە !

لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و

سەردێڕی هەواڵەکان بەدواما بگەڕێ

سێوی مێخەکڕێژکراو و

هەڵاڵەی قاچی هەنگەکانم بۆ بگەڕێ

ڕەشنووسی تەنیا کەوتن و پەڕاوی دڵبەندییەکان بگەڕێ

نامەی جێماوی سەر تاقەکان و

ژێر سەرینی تەڕ بە ئەشکی تەنیایی بگەڕێ

تریفەی مانگەشەوی هاوین و

هەناسەی تەزیوی وشکە زوقمی زستان بەدواما بگەڕێ

تا گەڕان بەشکا تا دۆزینەوە تیای مابێ بەدواما بگەڕێ

خۆ هێشتا ون نەبووم بە باشی من .

 

کۆتایی هەبوو نەشبوو

کاتێ منێکی تر هەزار دەروازەی دروست کرد بۆ نەهاتنێک

هەبوو نەبوو!

نیوەم وەک هەوای بێشە شێدار بە یادی تۆ و ،

ئەو نیوەکەشم شەپۆلێکی توند لە قەدپاڵی بێدەنگیت

نەبوو هەبوو

لەناو هێڵە چەماوەکانی تۆدا

خۆمم دەدۆزییەوە و تۆش لە ڕاستە هێڵەکاندا ون دەبووی

نەبوو

دەستی تەنیایم گرت و

دەمبردەوە بۆ ماڵی خۆمان

گەر ڕۆژێک نەهاتیتەوە .

جاچی هەبوو

هەنگێ شکستێک بەدەنگی بەرز وتی :

ئێوە ئەوێتان جێهێشتبوو

کاتێ من بۆ شوێنی چۆڵ دەگەڕام .

 

هێند زۆرن کۆتاییەکان

دایکم بە ڕەنگی پەڕیومەوە دەیبینێ و

قسە ناکات !

کەمبوون

هەندێک نەبێ لەم شیعرەدا کە ئەویش بەشم ناکات !

هەبوون

لە پشتی نامەیەکەوە و

هەشبوو لە هێڵەکانی دەستمدا نووسرابوون .

هەبوو

کە دەردەکەوت جەنگ دەوەستا

ئاخر ئەو دوو سێبەری هەبوو

هێند بوون

هەموو شتێکی لەگەڵ بەش دەکردم و

دواییش هەموو بەشەکانی دەبرد بۆ خۆی

ئەو نەخشەیەکی نوێ بوو

بۆ بیرکردن

سفرەیەکی درەنگوەختبوو

بۆ غەریبی ئاشتییەکی کۆڵەوار بوو

لە ترسی ئێمەدا

لە ڕاستیدا

کۆتایی داڕمانی بەشێکی منە

لە ناو ……………… تۆدا

یان کۆتایــــــــــی مردنێکە بەپێوە .