فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هايکۆ

 

هايکۆ

سمکۆ ئەحمەد ڕەشید

کیژۆڵەیەکی ژاپۆنی،

پانتایی خەیاڵی گرتووم

هایکۆ.

 

لەبەردەم باخچەی ئازادی،

هوتاف بۆ قومێک ئازادی دەکێشن

خۆپیشاندەران!

 

شەتڵی ئومێدێک دەڕوێنم

هەتا سەر سنووری مردن

بەدیاریەوە دادەنیشم.

 

بێ شووشتن و کفن و دفن

بە خاکم سپارد

کۆترە مردارەکە.

 

قەمبووری نۆتردام

بە هەورازی شاخەکەوە چەماوەتەوە

کۆڵبەر!

 

بە دڵی پڕ ئینتیماوە

نیستیمان بە یەک دینار دەفرۆشێت

ڕۆژنامەفرۆش!

 

بەم تەمەنەوە

لە بۆقە مغاویرییەکان دەترسێم

ماران گەستەم

 

سندوقی پۆستەکەم دەکەمەوە

تەنها کلیک لەسەر ئەو نامانە دەکەم

لە تۆوە هاتوون

 

لەچەمەکە زەماوەندە

هەموو ئێوارەیەکی هاوین

بۆقێک هاوسەرگیری دەکا

 

کە کیژۆڵەکە دەخەوێ

دەچێتە باوەشی دایکی

باوکی.

 

تەنوورەیەکی کورت

پیاوانیش لەبەری دەکەن

هایکۆ!

 

بۆ سەگەکانی کۆڵان

خواردنگەی پێنج ئەستێرەیە

حاویەی ماڵە زەنگینەکان!

 

ئەلبوومی یادەوەری

وێنە ڕەش و سپییەکانم جوانترن

لە ڕەنگاوڕەنگەکان

 

کە ڕۆیشتم،

لە جانتاکەم جێی نەبۆوە،

خستمە قوڵایی زاکیرەم

نیشتیمان.

 

نیشتیمان

لای ئێوە سێ بڕگەیە

لای من چوار

چاوەکانی!